وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

19-09-2024
ئارێز خالید
دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق، خشتەیەکی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناردووە کە دەبێت لەمەودوا بەپێی ئەو خشتەیە لیستی مووچە ئامادە بکەن، خشتەکە لە 20 خانەی زانیاری لەبارەی مووچەخۆران پێکهاتووە.
 
کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.
 
هەر لە خشتەکەدا چەند زانیاریی دیکە داواکراون، لەوانە: ژمارەی وەزیفی، ژمارەی کارتی نیشتمانی، رێککەوتی دامەزراندن، دۆخی خزمەت، جۆری خزمەت، پلەی فەرمانبەری، ناونیشانی فەرمانبەری، بڕوانامە، پۆست، شوێنی کارکردن (پارێزگا) و کۆی مووچە دوای لێبڕینەکان.
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بە گوێرەی زانیارییەکان شاندەکە لیستی مانگی هەشت و نۆش لەگەڵ خۆیدا دەبات. 
 
شاندەکە گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانەش ژمارەی وەزیفی مووچەخۆران، کە لە خشتەکەی بەغدا داواکراوە و یەکێکیشە لە مەرجەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە