وەزارەتی دارایی: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی خاڵە سنوورییەکان دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادیکردووە

19-08-2023
پەیمان محەممەد
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن وەزارەتی دارایی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی خاڵە سنوورییەکان زیادیکردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە چاوەڕێین بەغداش پشکی مانگانەی بودجەکەی لەکاتی خۆیدا بۆ بنێرێت''.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 19-08-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک شێوە گومرگ وەربگیرێت.
 
هونەر جەمال ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان پابەندە بەو بەرنامە گومرگییەی کە گشتگیرە و لەسەر هەموو خاڵە سنووری و فڕۆکەخانەکان جێبەجێ دەکرێت، ''بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق و بەشێک لە خاڵە سنوورییەکانی، پابەندی نین و ئەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکانی ئێمە و پەنابردنی بازرگانانمان بۆ ئەو خاڵە سنوورییانەی باج و رسوماتیان کەمترە و لەوێوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن.''
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و رێگری لە پێنەدانی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتییەکی چاودێریی گومرگیان پێکهێناوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کاڵایانە دەکەن، کە لە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ''هەر کاڵایەک هاوردە کرابێت و گومرگی پێویستی بۆ نەدرابێت، بڕی ئەو جیاوازییەی لێ وەردەگیرێتەوە، بەو شێوەیە توانیومانە لە ساڵی رابردوودا کاڵایەکی زۆر کۆنترۆڵ بکەین کە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.''
 
هونەر جەمال ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خاڵە سنوورییەکان، بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022 نزیکەی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادی کردووە، کە بەشی زۆری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە.
 
داهاتى نانەوتى، بەدیاریکراوی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و شێواز و بڕى رادەستکردنى، کە بەشێکە لە پرۆسەى ناردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان، ناکۆکیى لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیدا دروستکردووە، بەجۆرێک لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
"321 ملیار دینار کورتهێنانی مووچەمان هەبووە''
 
3ـی ئابى 2023، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز نارد.
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، 321 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی حەوت کورتهێنان هەبووە کە لە داهاتی نێوخۆ پڕکراوەتەوە، گوتیشی، ''داهاتی نێوخۆ تەنیا بۆ مووچە نییە و خەرجیی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرە کە ئەویش لەو داهاتە دەدرێت، تەنانەت مووچەی وانەبێژانیش هەر بە داهاتی نێوخۆ دابین دەکرێت.''
 
حکومەتى فیدراڵى داوادەکات داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق رادەستى بەغدا بکرێت، کە تێکڕاى داهاتەکەیە و تەنها 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانەى هەرێمى کوردستان بێت کە دەروازەى سنوورییان هەیە، بەڵام هەرێمى کوردستان بەوە قایل نییە و نایەوێت وەک پارێزگاکانى دیکە مامەڵە لەگەڵ داهاتى نانەوتی بکرێت و ئەو داهاتە بگەڕێنێتەوە کە فیدراڵین، لەوانە: داهاتى پاسپۆرت و نیشینگە، فڕۆکەخانەکان، 50%ـی داهاتى دەروازە سنوورییەکان.
 
بەگوتەی هونەر جەمال، سەرجەم داتا و ژمارەکانی تایبەت بە داهاتی نێوخۆ و خاڵە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی کراون و، ''بەدواداچوونی تەواوی بۆ کراوە و چاوەڕێین لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئەوانیش [حکومەتی عێراق] پابەندی یاسای بودجە بن و پشکی هەرێمی کوردستان مانگانە لەکاتی خۆیدا بنێرن.''
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت.
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەماندا پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

'تەوتین' دواى هەشت ساڵ و چوار سەرۆکوەزیران هێشتا کێشەی تێدایە

بەجێکردنى مووچە یان "تەوتین" هەشت ساڵە چوار سەرۆکوەزیرانى عێراقى سەرقاڵکردووە، ئاشکراکردنى فەرمانبەرانى "بندیوار" ئامانجى سەرەکى پڕۆژەکەبووە، بەڵام گۆڕینى پەنجەمۆر بە ژمارەى نهێنى فەرمانبەر کێشەى بۆ دروست کردووە.