رووداوی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی بەهای تمەنی دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێرانەوە، بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو و کتوپڕ دابەزی.
هەرچەندە بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان داخراون، بەڵام لە کاتی هەر رووداوێکی سیاسی، شەڕ یان کارەساتێکی سرووشتیی گەورە، کاریگەریی لەسەر بەهای دراوەکان دەردەکەوێت.
ئەحمەد حاجی سابیر، ئالوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، دوای هەواڵەکە، 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە گەیشتەوە 6 ملیۆن تمەن. بە شێوەی کاشیش، 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە.
ئەو ئاڵوگۆڕکارە گوتیشی، لە ئەگەری هەر هەواڵێکی خراپ و نەرێنی لەبارەی چارەنووسی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، رەنگە بەهای تمەن زیاتر دابەزێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەیەکە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار لە بەرزبوونەوەیە.
دوێنێ 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەن دابەزیبوو. ئەمە بەرزترین ئاستی تمەن بوو بەرامبەر بە دۆلار لە مانگێکی رابردوودا.
دیارنەمانی رەئیسی ترسی ئەوەی لێدەکرێت پەشێوی و ناسەقامگیریی سیاسی لە ئێران دروست بکات. ئەمە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دراوی وڵاتەکە دادەنێت.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووە پارێزگای تەورێز. لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە بە هێلیکۆپتەر بەرەو تاران دەگەڕایەوە کاتێک تووشی "نیشتنەوەیەکی دژوار" بوو. تائێستا چارەنووسی دیار نییە.
سەرۆکی مانگی سووری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ناوچەکە دەپشکنین، ئەگەرچی بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە زۆر دژوار و سەختە، بەڵام لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین. سوودمان لە درۆن بینی، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای خراپەوە ناتوانرێت زیاتر سوودیان لێببینین. لەگەڵ تیمەکانی دیکەدا خەریکی گەڕانین. ئەم شوێنە ناوچەیەکی سەخت و کوێستانییە و دوو کاژێر لە تەورێزەوە دوورە".