حکومەتی عێراق خشتەکانی یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان کرد

19-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2024ـی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد. پەرلەمانتارێک دەڵێت: "هەنگاوەکانی پەسندکردنی دەستپێدەکات."

بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران خشتەکانی  یاسای بودجەی ساڵی 2024ـی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، قەبارەی بودجەی ئەمساڵی عێراق لە 199 تریلیۆن دینارەوە بۆ 225 تریلیۆن دینار زیادکراوە و قەبارەی کورتهێنانی 80 تریلیۆن دینارە.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجە دەستپێدەکات. سەرەتا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەوانەی لیژنەی دارایی دەکات، دواتر دەخرێتە بەرنامەی کار و پاشان وەکو هەر پڕۆژەیاسایەکی دیکە پەسند دەکرێت."
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی بە دووری نازانێت زوو پەسند بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "کاتی پێویست دەبێت، چونکە یاسای بودجە وردەکاریی زۆری تێدایە."
 
خشتەکانی بودجە، خەرجی و داهاتی گشتیی وڵاتە بەپێی ساڵی نوێی دارایی، هەرچەندە دەبێت پێش ساڵی دارایی نوێ رەشنووسی بودجە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام نەکرا، پێشبینی دەکرێت کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ خشتەکان و یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێن.
 
هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداریی کۆبوونەوەی لیژنەی هەمواری خشتەکانی کرد، دوای گەڕانەوەیان لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، بڕیارە بە جۆرێک هەموار بکرێنەوە کە مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا بپارێزرێت.
 
بەپێی زانیاریی رووداو، رێککەوتن لەسەر دانانی داواکاریی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی خشتەکاندا کراوە.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "لەبەرئەوەی بودجەی کوردستان بەشێکە لە بودجە سێ ساڵییەکە، هەفتەی رابردوو گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە کرا کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، لەسەر زۆربەی بابەتەکان رێککەوتن کراوە، هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی هەندێک ژمارەی کردووە، لەوانەش خەرجی و کرێی کۆمپانیاکان، مووچە، بابەتی جیاوازیی مووچە، رێککەوتنیش لەسەر ئەو خاڵانە کراوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە خشتەکە پەسند دەکرێت، دەمێنێتەوە لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێت."
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ سێ ساڵە، یەکەم ساڵی 2023 بوو، لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە