بودجەی وەبەرهێنانی سێ مانگی کەرکووک و سەلاحەدین سفرە

19-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، وەزارەتی دارایی عێراق هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنانی بۆ پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین تەرخان نەکردووە کە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار بووە. بەغدا، بەسرە و نەینەوا زۆرترینیان بۆ تەرخانکراوە.
 
بەپێی ژمارەکانی نێو راپۆرتی وەرزی یەکەمی ئەم ساڵی وەزارەتی دارایی عێراق، لەو ماوەیەدا کە کۆی خەرجییەکانی عێراق زیاتر لە 25 تریلیۆن و77 ملیار دینار بووە و یەک تریلیۆن و 897 ملیار دیناریان بۆ بودجەی وەبەرهێنان و 23 تریلیۆن و 179 ملیار دیناریان بودجەی بەردەوام بووە، پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین هیچ بڕە بودجەیەکی وەبەرهێنانیان لەو سێ مانگە نەبووە.
 
لەو بڕە پارەی کە لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ 13 پارێزگاکەی عێراق (بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) خەرجکراوە، 992 ملیار و 700 ملیۆن دینار دەبێت، نە کەرکووک و نە سەلاحەدین بودجەی وەبەرهێنانیان نەبووە. 
 
بەپێی خشتەکە بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکانی عێراق، لە زۆرەوە بۆ کەمتر بەمشێوەیەیە: 
 
- بەغدا: 154 ملیار و 490 ملیۆن دینار
- بەسرە: 144 ملیار و 58 ملیۆن دینار
- نەینەوا: 134 ملیار و 796 ملیۆن دینار
- زیقار: 102 ملیار و 411 ملیۆن دینار
- مەیسان: 81 ملیار دینار و 773 ملیۆن دینار 
- بابل: 62 ملیار دینار و 534 ملیۆن دینار 
- ئەنبار: 58 ملیار دینار و 50 ملیار دینار 
- واست: 52 ملیار و 959 ملیۆن دینار
- دیوانییە: 63 ملیار و 293 ملیۆن دینار
- موسەننا: 43 ملیار و865 ملیۆن دینار
- کەربەلا: 52 ملیار و817 ملیۆن دینار 
- نەجەف: 43 ملیار و 804 ملیۆن دینار
- دیالە: 7 ملیار و 940 ملیۆن دینار
- سەلاحەدین: سفر
- کەرکووک: نییە 
 
رۆژی 18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا؛ بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە.
 
تەرخاننەکردنی پارە بۆ بودجەی وەبەرهێنان لەو دوو پارێزگایە هۆی دواکەتن و نەبوونی پڕۆژەی نوێیە. شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەبوونی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پارێزگای کەرکووک بۆ نەبوونی چاودێری دەگەڕێتەوە، چونکە هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگا نەیتوانیوە پارێزگایەکی نوێ هەڵبژێرێت، بۆیە ناتوانرێت بەدواداچوون بۆ کارەکانی پارێزگار و خەرجییەکان و پڕۆژەکان بکرێت."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تائێستا کۆبوونەوەی یەکەمی نەکردووە، بۆیە نەک بە تەنیا پۆستی پارێزگار، پۆستەکانی دیکەی ئەنجوومەنیش یەکلایی نەکراونەتەوە. 
 
هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "نازانین خەرجی و داهاتەکان لە پارێزگای کەرکووک چین و چۆن خەرجدەکرێن، جگە لەوەی هەڵنەبژاردنی پارێزگار وایکردووە کارەکانی ئەنجوومەنیش دەستپێنەکەن، بەتایبەت لە چاودێریکردنی پارێزگار."
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق، راپۆرتی سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە 31 تریلیۆن دینار داهات و 25 تریلیۆن دینار خەرجیی هەبووە، لە خەرجییەکانی زیاتر لە 18 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە بووە، 89٪ـی داهاتەکانی عێراقیش لە نەوتەوە بەدەستهاتووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە