حکومەت دەست بە فرۆشتنی زەوییە بازرگانییەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک دەکات

19-05-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر، شارەوانەی هەولێر چەند پارچە زەوییەک کە رووبەرەکەیان 8 هەزار و  424 مەتر دووجایە، لە رۆژی 29ی ئەم مانگەدا لە زیادکردنێکی ئاشکرا دەفرۆشرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-5-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد "بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵدەستێت بە فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەک، رێکەوتی 29/5/2022  كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بە رێگەی زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتنی ئەو زەوییانە رادەگەیەنرێت."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی ئاگادارییەكی  لێژنەی یەكەمی فرۆشتن و بەكرێدانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە لە ڕێكەوتی 26/4/2022 بڵاوكراوەتەوە، ئەو پارچە زەوییانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێكراوە، بە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا و بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی  2021  هەر كەسێک ئارەزووی بەشداریكردنی هەیە سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكات بۆ دانانی بارمتەی یاسایی بەڕێژەی 50%  كەمتر نەبێت لە نرخی خەمڵێنراو. زیادكردنەكە لە (30) سییەمین ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگەدارییە لە رۆژنامە لە كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ دەست پێدەكات".
 
ژمارەی زەوییەكان و رووبەرەکانیان:
 
1- 11561 /8ک 93حەسارۆک/ زەوی بازرگانی/ رووبەر: 3672 مەتر دووجا.
 
2- 11834 /8ک 93حەسارۆک/ زەوی بازرگانی/ رووبەر: 4752 مەتر دووجا.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە (1257) کە رۆژی چوارشەممە 18-05-2022 بڵاوکراوەتەوە  و واژۆێ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، تێیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پارچە زەوییەکانی 8ی حەسارۆک، پێشنیازەکانی وەزارەتی شارەوانیان پەسند کردووە."
هەر لە نووسراوەکە داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بەزووترین کات کاری پێویست بکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک.
 
رۆژی 12-05-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاندبوو: "پلانێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانی 8ی حەسارۆک و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەو بارەوە موژدەیان دەبێت."
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو لە ئایندەیەکی نزیکدا هەم پرۆسەی خزمەتگوزاری دەستپێدەکات هەم ئاوەدانکردنەوە و رێگەپێدانی ئەو زەویانە دەستپێدەکات.
 
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبن، ‏لە بەشی خۆرهەڵاتی هەولێر‌ و لە نزیك رێگای كەسنەزانە، ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ دابننەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022 رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک لەهەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە