دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی بە سستی بەڕێوەدەچێت و خانەنشینێک دەڵێت: بەخوا 10 هەزارم هەیە

19-04-2023
هۆرڤان رەفعەت
ژمارەیەک خانەنشین لە بەردەم بانکی بەختیاری لە سلێمانی
ژمارەیەک خانەنشین لە بەردەم بانکی بەختیاری لە سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

جارێکی دیکە لە سلێمانی گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبووەوە. لە دوای پارشێوکردنەوە بەشێک لە خانەنشینان چوونە بەردەم بانکی بەختیاری تاوەکو پێش جەژن ئەو مووچەیە وەربگرن کە دەیان ساڵ ماندووبوونیان بۆ چەشت، بەڵام بە بیانووی بوونی پشوو و نەبوونی پارە، بە بێ وەرگرتنی مووچە گەڕانەوە.
 
سەلیمە عەلی، خانەنشین بە رووداوی گوت: "هاتووین مووچە وەرگرین، کەچی پێمان دەڵین پشووە. لەکاتیکدا هەموو پێویستمان بە مووچەکەیە، ئێستا بەخوا من 10 هەزار دینار لە جزدانەکەمدایە، دەی ئەوە کوا حەقە، من ماڵیشمان دوورە لێرە، دوێنێش هاتووم و هەر سەرێکی هاتووچۆم چوار هەزار دینارم داوە".
 
سەلمە عەلی، هاونیشتیمانییەکی دیکەیە کە بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەشینیی هاوژینە کۆچکردووەکەی چووە بەردەم بانکی بەختیاری و دەڵێت: "پارەیەکی زۆرمان خەرج کردووە تاوەکو هاتووین، ئەو هەموو هاتووچۆیەمان کردووە بە هیلاکی و زمانی بەڕۆژووەوە، کەچی هەردەڵێن پارە نییە".
 
کامیل عەلی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بۆیە ئەمڕۆ هاتووم، گوتم ئێستا چۆڵە و بە ئیسراحەت وەریدەگرم، کەچی دەرگەکەیان داخستووەوە دەڵین پارە نییە".
 
هاونیشتمانییەک کە 12 ساڵە کارمەندی گرێبەستی شارەوانیی سلێمانییە، خۆی و هاوڕێکانی بە زمانی بەڕۆژوەوە سەرقاڵی کارکردنن، تینوێتیی گەرما بڕستی لێبڕیون، دواخستنی مووچەی پێش جەژنیشیان ئەوەندەی دیکە ماندووی کردوون.
 
تاهیر کەریم، کارمەندی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئێمە لێرە باخەکە پاک دەکەینەوە، باخەکەمان وەکو گوڵ پاککردووەتەوە، دەوامی خۆمان بە رێکوپێکی دەکەین و لە بەیانیی زووەوە دێینە دەوام هەتاوەکو کاژێر 01:30 دەوام دەکەین، ئاخر ئەوە مووچەکەی خۆمانە ناماندەنێ، ئێمە بەڕۆژووین و بەم بەرە جەژنانە مووچەمان نادەنێ، ئێ منداڵیش داوای پارە دەکات و دەڵێت: باوکە شتم بۆ بکڕە، منداڵ چوزانێت پارە نییە چییە".
 
ساڵح عومەر، کارمەندێکی دیکەی شارەوانییە و گوتی: "هەموو مانگێک ئاوها مووچەکەمان دوادەخرێت و لیستی مووچەی وەزارەتەکەی ئێمە خراوەتە کۆتا وەزارەتەوە، ئاخر کوا مەعقولە".
 
لە بانکی باخان لە سلێمانی بڕیاربوو مووچەی خانەنشینانی سەربازی دابەشبکرێت، بەڵام پێیان گوتوون مووچەی زۆرینەیان دەکەوێتە دوای جەژن و پارە لە بانکەکان نەماوە. هاوکات لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش هەمان گرفتی سستیی دابەشکردنی مووچە دروستبووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.