وەزارەتی دارایی: هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی نێردراوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی سستی لە دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە کە کۆی گشتی 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا لەبارەی ئەوەی کە وەزارەتەکە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە پارەی پێویستی بۆ دابەشکردنی مووچە بۆ سلێمانی نەناردووە، دەشڵێت، زیاتر لە 80٪ـی تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە لە لایەن وەزارەتەکەوە دابین کراوە.
 
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:
 
لە چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستیی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو:
 
1. هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتیی 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80٪ـی تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە.  
 
2. کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک.    
 
3. وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە رێککەوتن لەسەر پشکی ( 57٪ ) پشکی لە ( 43٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت رێککەوتنی لەسەر کراوە.    
 
4. کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی 2021ـەوە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار.   
 
5. بەڕێز وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستووەتە گەڕ و بە هەوڵی جەنابیان مانگی پێشووتر بڕی 34 ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لە وەزارەتی داراییەوە رەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوە و لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردووش جارێکی تر بڕی 29 ملیار دینار لە دەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.        
 
لە کۆتایدا پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە.  
 
1. کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.                                      
2. رێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( 43٪ ) بە ( 57٪).       
3. نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان )