رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دابەشکردنی مووچە بە سستی بەڕێوەدەچێت و تائێستا مووچەی مانگی سێ بە تەواوەتی دابەشنەکراوە، هەندێک لە بانکەکانیش پارەی کاشیان تێدا نەماوە و بەتەواوەتی دابەشکردنی مووچەیان راگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بڕیاریداوە مووچەی خانەنشینی و بەشێک لە فەرمانبەران بە دوو قۆناخ دابەشبکات، بەشێکیان سبەی مووچە وەربگرن و بەشەکەی دیکەش دوای جەژن مووچەیان پێبدرێت.
وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی 290 ملیار دیناری لە پارەی فرۆشتنی نەوتی بۆ سلێمانی ناردووە. لە بەیانی ئەمڕۆوە کێشەی دابەشکردنی مووچە لە ژمارەیەک لە بانکەکانی سلێمانی دروستبووە و لە بانکی بەختیاری سلێمانیش دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی شارەوانی بەتەواوەتی راگیراوە و بە مووچەخۆرانیان گوتووە، پارە نەماوە و بڕۆنەوە.
خانەنشینێک کە بۆ مووچەی مانگی سێ چووەتە بەردەم بانکی بەختیاری، بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، کارمەندی بانکەکە پێی گوتین: سێ رۆژە مووچە دابەشدەکرێت و دەبووایە زووتر هاتبان، ئێستا پارە لە بانک نەماوە و بڕۆنەوە ماڵەوە.
ژنێکی بەساڵاچوو لە قەزای سەیدسادقەوە بۆ وەرگرتنی 200 هەزار دینار مووچەی خانەنشینی چووەتە بەردەم بانکی بەختیاری و پێیانگوتووە، پشووە و ئەمڕۆ مووچە دابەشناکرێت، ئەو خانەنشینە بە پەیامنێری رووداوی گوت: "دوو رۆژە پارەی کرێی رێگە دەدەم و بە زمانی بەڕۆژووەوە دێم بۆ وەرگرتنی مووچە، بەڵام ئەمڕۆ پێیانگوتم پشووە، بەرەجەژنە و زۆر پێویستم، ئێستا تەنیا 10 هەزار دینار لە ماڵەکەم شکدەبەم."
دوای رووماڵکردنی تۆڕی میدیایی رووداو، بانکی بەختیاری کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بڕیاری دا ئەو خانەنشینانەی لە نۆرەدا وەستابوون، مووچەکانیان پێبدات، بەڵام کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی کە مووچە لەو بانکە وەردەگرن، مووچەکانیان پێنادرێت و پێیانگوتوون دوای جەژن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان سەردانیان بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆرڤان رەفعەت، بەشێک لە بانکەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە نووسراو ئاگاداری مووچەخۆرانیان کردووەتەوە، پارە نییە و مووچە دابەش ناکەن. لە بانکی باخان ئاگاداری هەڵواسراوە کە بەیانی مووچەی خانەنشینانی سەربازی دابەش دەکەن و ئەویش تەنیا مووچەی ئەو کەسانە دەدەن کە پلەی نەقیبیان هەیە و ئەوانی دیکە دەبێ دوای جەژنی رەمەزان مووچە وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ