لە هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتووەتە 5 هەزار دینار

19-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مریشکفرۆشێک لە سلێمانی دەڵێت، هەر دووکاندارێک بە ئارەزووی خۆی نرخ لەسەر مریشک دادەنێت، لە هەندێک شوێن کیلۆیەک مریشک بە پێنج هەزار دینارە؛ مریشک فرۆشێکی هەولێریش دەڵێت، کیلۆیەک مریشک بە پێنج هەزار دینار فرۆشراوە. لە پارێزگاکانی عێراق نرخەکە گرانترە و کیلۆیەک مریشک بە زیاتر لە 8 هەزار دینارە. 
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان نرخی مریشک لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بەرزدەبێتەوە. رۆژی چوارشەممە 19-04-2023، هیوا رەزا، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "کیلۆی مریشک بە چوار هەزار و 750 دینارە، بەڵام لە نێو بازاڕ کیلۆی بە پێنج هەزارە، چونکە ئەوان لەنێو بازاڕن و بەگوێرەی شوێنەکانیان گرانتر دەیفرۆشن."
 
لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک، هیوا رەزا دەڵێت: "خاوەن پەلەوەرخانەکان پێشتر زەرەریان کردووە، بۆیە ناچار بوون بەرهەم کەمبکەنەوە و ئەوەش وایکردووە مریشک لەبازاڕەکاندا کەمببێتەوە، ئەوەش لە زەرەری ئێمەیە جیاوازی ئەم جەژنە لەگەڵ جەژنی رابردوو زۆر زۆرە، دوێنێ نزیکەی 70 بۆ 80 مریشکم فرۆشتووە، چونکە من جوملەشم هەیە، بەڵام پار زیاتر لە 100 دانە زیاترم دەفرۆشت لە رۆژی ئاسایی 70 و 80ەمان دەفرۆشت."
 
لە شاری هەولێریش نرخی مریشک جیاوازە، بەڵام بە پێنج هەزار دیناریش فرۆشراوە. دڵدار عەبدولڕەحمان، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "یەک کیلۆ مریشکی گەورە لە کێڵگەکان بە چوار هەزار و 200 دینارە، دەگاتە دەستی بریکارەکان بە چوار هەزار و 500 دینار و ئەوانیش بە چوار هەزار و 750 دینار دەیفرۆشن، بەڵام دووکاندار هەیە کیلۆی 250 دینار قازانجی کردووەتە سەری و بە پێنج هەزار دینار دەیفرۆشێت، بەتایبەتی ئەوانەی بازاڕیان کەمترە و نرخی کەم بۆیان دەرناهێنێت."
 
بە گوتەی ئەو مریشکفرۆشەی شاری هەولێر، خاوەن پەلەوەرخانەکان هیچ رێکخستنێک لەنێوانیان نییە و دەشڵێت: "هیچ هاوئاهەنگییەکی باش لە نێوان خاوەن پەلەوەرخانەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا نییە، بە نموونە بە دڵنیاییەوە دوای جەژن خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەر دەکەن و نرخ زۆر دادەبەزێت، چونکە خەڵکێکی زۆر جوچکە داخڵ دەکات و بۆ 40 تاوەکو 50 رۆژی دیکە کیلۆی مریشک دەبێتە 2500 دینار. ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ خشتەیان بۆ دابنێت بە نموونە هەر کەسێک لە هەر 90 رۆژێک چەند جوجکە داخڵ بکات ئەوە نرخیش بەمشێوە نابێت، چونکە بەمشێوەیە 50٪ی فرۆشمان کەمبووەتەوە."
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەکردنی مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق قەدەخەکراوە. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بە بڕیاری پارێزگاکانە چونکە تاوەکو دەخرێتە بازاڕەوە لە ئەستۆی وەزارەتە دوای ئەوە هەموویان سەرپشککراون بەگوێرەی پێداویستی خۆیان هاوردەی بکەن یاخود نەیکەن. 
 
لەبارەی کاریگەری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق، لەسەر نرخی مریشک فیراس سدیق گوتی: "هەموو بڕیارێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام دەبێت لایەنە ئەرێنێیەکەی وەربگرین بە نموونە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان مریشکی کەم لە بازاڕ هەیە نەناردنی بۆ عێراق بۆ ئەوەیە بەشی پێویست لە بازاڕەکانی خۆمان هەبێت، دووەم هەندێک مریشکی بچووک هەن لە عێراق زیاتر کڕیاری هەیە، چونکە ئەوانەی لە دوو کیلۆ گرام کەمترن لە هەرێمی کوردستان کڕیاریان نییە، بۆیە دەبێت بنێردرێت بۆ بەغدا."
 
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "خاوەن پەلەوەرخانەکان جوچکەیەکی زۆر زۆر دادەنێنەوە، دوای جەژن بە دڵنیایەوە نرخ زۆر زۆر دادەبەزێت و ئەو کاتەش دەرگاکان دەکرێتەوە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە، چونکە کەرەستەکانی ئالیکیش دابەزیون و نرخی دۆلاریش وەک خۆی نەماوە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە شاری هەولێر نرخی مریشک جۆراوجۆرە و بە پێنج هەزار دیناریش دەفرۆشرێت و دەڵێت: لە هەولێر کیلۆی مریشک بە پێنج هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام نابێت بەوشێوەیە بێت، نابێت هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی نرخ دابنێت ئەوە کاری لیژنەکانی قایمقامییەتە رێگری لەوە بکەن."
 
لە پارێزگای بەغداش نرخی مریشک گرانبووە. ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت: "لەو شوێنانەی کە گەڕەک و شوێنی ئاسایین نرخی یەک کیلۆ مریشک کە لە پێش چاوی خۆت سەردەبڕدرێت و پاکدەکرێتەوە بە حەوت هەزار دینارە، بەڵام لە هەندێک گەڕەک کە گەڕەکی گرانبەهان کیلۆی بە هەشت هەزار دینارە."
 
ریما فازل، کە کارمەندی مارکێتێکە لە شاری بەغدا بە رووداوی گوت، لە مارکێتەکاندا مریشک چەند جۆرێکی هەیە و نرخەکانیش جیاوازن، "بە نموونە هەمانە بە شەش هەزار و پێنج هەزار دینارە، بەڵام گرانترینی مریشکی ناوخۆییە کە لەدیوانییەوە بۆمان دێت ئەوە کیلۆی بە هەشت هەزار و 250 دینارە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.