لە چین پێشانگەی ئۆتۆمبێلی 2023 کرایەوە و زۆربەیان کارەبایین


رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر لە ساڵانی زووتردا خەڵک وێنەی ئۆتۆمبێلی کارپێکەر بە سووتەمەنییان گرتبێت، ئێستا سەرنجە زۆرەکە لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەباییە. کۆمپانیای مێرسیدیز بۆ یەکەمین جار مایباخی کارەبایی نمایش دەکات. پێشبڕکێی براندەکان لەوەدایە کە بەهێزترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی نمایش بکەن.
 
ئۆلا کالینیۆس، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای مێرسیدیز کە لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلی 2023 لە چین بەشداربوو، رایگەیاند، "براندی مایباخ و چین لە سەرەتاوە زۆر هاوتا بوون. لە وڵاتی دیکە مایباخی زۆرمان فرۆشتوون، بەڵام هەمیشە چین شوێنی گرنگە بۆ ئێمە. ئەمەی نمایش کراوە ئەوەی جیاوازە کارەباییە."
 
دوو لەسەر سێی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی لە ساڵی 2022دا لە جیهاندا فرۆشراون، دروستکراوی چین بوون. ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە نێوخۆی ئەو وڵاتەشدا کڕیاری زۆرە، بە جۆرێک نزیکەی 6 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە 2022دا لەو وڵاتەی ئاسیا فرۆشراون.
 
ئەشوانی گوپتا، جێگری بەڕێوەبەری نیسانیش دەڵێت: "جارێکی دیکە، ستراتیجی ئێمە ئەوەیە ئامێری تایبەت بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەستبخەین. ئەمە یارمەتیدەرمان دەبێت لەوەی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان بکەین بە کارەبایی."
 
بۆ بڕینی 100 کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێلی هایدرۆجینی 800 گرام هایدرۆجین و بۆ ئۆتۆمبێلی کارپێکەری سووتەمەنی 6.6 لیتر بەنزین پێویستە؛ ئێستا لە ئەوروپا نرخی یەک کیلۆ هایدرۆجین 12 یۆرۆیە و نرخی 6.6 لیتر بەنزین نزیکەی 14 یۆرۆیە.
 
بۆ دابینکردنی یەک کیلۆ هایدرۆجین بۆ ئۆتۆمبێلی هایدرۆجینی 60 کیلۆوات وزە پێویستە، لە ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی بەو بڕە دەتوانیت 100 کیلۆمەتر ببڕیت. ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەنیا 20 بۆ 30 کیلۆوات پێویستە تاوەکو 100 کیلۆمەتر ببڕیت. واتە، بۆ گونجاوی نرخ، ئۆتۆمبێلی کارەبایی باشترینە و دواتر هایدرۆجینی و دواینیش ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی.
 
وڵاتانی بەشدار لە 27ەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە ژاپۆن کۆتاییهات، گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی کە تاوەکو ساڵی 2040، سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان بکەن بە ئۆتۆمبێلی ژینگە دۆست، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی رێککەوتنامەی پاریسی ساڵی 2015 کە رێگەگرتنە لە بەرزبوونەوەی 1.5 پلەی سیلیزی، پلەی گەرمی زەوی بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی.