نرخی زێڕ و نەوت دابەزی


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت و زێڕ دابەزی. بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 85 دۆلارە و ئۆنسەیەک زێڕیش بە 2003 دۆلارە.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.
 
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، پێش ئەوەی بانکی ناوەندی کۆتایی بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی بهێنێت، جارێکی دیکە لە مانگی داهاتوودا سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە. ئەوەش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 2003 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار زێڕ دەکڕن، ئەستەم بێت و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی کڕینی زێڕ.
 
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان چاوەڕێی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ دەکەن."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، نرخی زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا لە رادەبەدەر بەرزبووەوە و لەبەرئەوەش بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەتوانێت بۆ ماوەیەک لە کورتخایەندا ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
 
هەر ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، دابەزی.
 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 7 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا پێنج سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رافایل بۆستیک، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی ئاتلانتا رایگەیاند، بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا یەک جاری دیکە سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لەو وڵاتە کە هێشتا بەرزترە لە ئامانجی بانکی ناوەندی.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت.
 
برایان مارتین و دانیال هاینس، دوو شرۆڤەکاری بانکی ئۆسترالی - نیوزیلاندی لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی بەهێزبوونەوەی ئابووریی چین، پێشبینیی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت دەکرێت، بەڵام لاوازبوون و کەمبوونەوەی خواست لە بەشەکانی دیکەی جیهان قورسایی لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە."