رووداو - هەولێر
کێشەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و دەڵێن، بانکی حەدیاب - لقی عەنکاوە وەک تەنیا لقی دابەشکردنی شایستەداراییەکانی جووتیاران، وەڵامدەری ئەو قەرەباڵخییە نییە و داوا دەکەن بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە، لقی دیکەش بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-03-2023 ژمارەیەک جووتیاری هەولێر لەبەردەم بانکی حەدیابی لقی عەنکاوە بۆ وەرگرتنی پارەی گەنمی ساڵی 2015 کە دەست بە دابەشکردنی کراوە، وەستان و قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
تاوەکو ئێستا دابەشکردنی پارەی گەنمی 2015ـی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواو نەبووە. بەگوتەی سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، تەنیا چەکەکانی تایبەت بە ساڵی 2015ی جووتیاران 10 هەزار و 500 چەکن.
رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم بانکەکە گوتی، سێ بۆ چوار رۆژە جووتیاران سەردانی ئەم بانکە دەکەن، بەڵام پارەیان بەرناکەوێت و بەهۆی قەرەباڵخییەکی زۆر ناتوانن چەکەکانیان ببەنە ژوورەوە.
جووتیارێکی خەڵکی گوندی سەیید عوبێد گوتی، هەشت ساڵە چاوەڕوانی ئەم رۆژەن کە پارەکەیان وەربگرن، بەڵام ''حکومەت پلان و بەرنامەی بۆ جووتیاران نییە. چەکێکی زۆرمان هەیە و جووتیارێکی زۆریش لەبەردەم بانک کۆبوونەتەوە.''
داخوازیی سەرەکیی جووتیاران ئەوەیە کە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و راپەڕاندنی کاری جووتیاران، لقی دیکە بکرێتەوە و لە چەند بانکی دیکەش پارەی گەنمی جووتیاران دابەشبکرێت.
پارەی 2015ی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان 139 ملیار و 687 ملیۆن و 63 هەزار دینارە و بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لەو بڕە پارەیە 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینار بۆ هەولێر، 44 ملیار و 129 ملیۆن و 404 هەزار دینار بۆ سلێمانی و 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دیناریش بۆ جووتیارانی دهۆکە.
جووتیارێکی قەزای دەشتی هەولێر بە پەیامنێری رووداوی گوت، بانکی حەدیاب لقی عەنکاوە بە سیستمێکی کۆن کار دەکات و وەڵامدەری ئەو قەرەباڵخییە نییە و گوتی ''داوا دەکەین لە بانکی بەحرکە و بانکی حەمرینیش لە کەسنەزان کە دوو بانکی گەورەن، پارەی جووتیاران بدرێت.''
رۆژی 8-6-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 273 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا. لە چوارچێوەی پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، شەش ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی دیاریکرا کە پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشەخۆراک و کڕینی گەنم و برنج و 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران دیاریکرا.
لەو چوارچێوەیەدا 308 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دیاریکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ