پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دوای دوو مانگ و 20 رۆژ لە ناردنی بۆ پەرلەمان، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام هێشتا فراکسیۆنەکان ناکۆکن لەسەری، شیعە و سوننەکانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە. سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کودستانیش، شیعە و سوننەکان تێڕوانینیان وەکو یەک نییە.
 
د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەو دەقەی لەلایەن حکومەتەوە هاتووە کە ماددەی 11یە، هەموومان پابەندین پێیەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە دەقی دیکە رەتدەکەینەوە".
 
دەقی ماددەی 11ی پرۆژەیاساکە، ناردنی 12.67%ی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لەو دەقە دەکەن، بەڵام بژارەی دیکەشیان رەتنەکردووەتەوە.
 
د. بەشیر حەداد، دەڵێت "بەدیلێک ئەوەیە سوننەکان پێشكێشیان کردووە، حەلبووسی خۆی گوتی ئێمەش لەگەڵ ئەوەین دەقە ئەسڵییەکە بڕوات، بەڵام جگە لەو بڕگەیەی کە دەڵێت: حکومەتی عێراقی قەرزەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە. کۆی ماڵی شیعی بەدیلێكیان پێشكێش کردووە، کە دەڵێت: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 460 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەست بکات، لە پاش ئەوەی تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان و بەکاربردنی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەمە شایەنی گفتوگۆیە".
 
بەڵام بەشێک لە شیعەکان بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و داوای رادەستکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
بەشار کیکی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "بۆچوونی برایانی شیعە بەڕاستی لەگەڵ دەقی حکومەت ناگونجێت. حەلبووسی خۆی بە ئاشکرا گوتی، برایانی شیعە ئێمە لەگەڵ دەقی ئەسڵین، بەڵام تەنیا ئەوەی لێ دەربهێندرێت کە ئیلتیزاماتی بەرامبەرە هی هەرێم و بەغدا، ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر یەکتر هەیانە و ماوە، ئەوە دەبێت دیوانی چاودێریی دارایی یەکلایی بکاتەوە، چونکە ناتوانیت بڵێیت هێندە پارەم لەلاتە تاوەکو چاودێری دارایی جێگیری نەکات".
 
حکومەتی عێراق لە 28-12-2020دا پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی رەوانەی پەرلەمان کرد، هەرچەندە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی لەلایەن پەرلەمانەوە دەستکاریکراون، خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە، بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنەکانەوە، نەتوانراوە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت.