نرخی نەوت لە مامەڵەکانی سەرەتای هەفتە بە دابەزین کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، دابەزی.
 
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە؛ کاتی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی بڕیار لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بدات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 19-2-2024) دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت 58 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 82 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 35 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 78 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە چین پشوو بووە و بازاڕەکان هێشتا ئاراستەی خۆیان نەدۆزیوەتەوە، هیچ ئاماژەیەکیش لەسەر ئاراستەی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوتی خاو دیار نییە.
 
هەروەها ئەمڕۆ لە ئەمریکا بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک واشنتن کە پێی دەگوترێت رۆژی سەرۆک، لەسەر ئاستی حکومەت لە ئەمریکا پشووە، لەبەرئەوە پێشبینیدەکرێت قەبارەی مامەڵەکان هێندە زۆر نەبن.
 
یەک هەفتە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە نەرێنییەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی ئەوە ئامارانەی پەیوەست بوون بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و سستبوونەوەی کەرتی وردەفرۆشی، چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند؛ دەبێت پشوودرێژ بن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی رایانگەیاند، "هەرچەندە مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەندووە، بەڵام بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس، دەتوانن قەرەبووی هەر چەشنە کورتهێنان و پچڕانێک بکەنەوە کە لە بازاڕی نەوتدا دروستدەبێت."
 
بەپێی شرۆڤەکارانی ئەو بانکە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە دابەزین کراوەتەوە.