رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین و هەر دۆلارێک نزیک دەبێتەوە لە 80 هەزار تمەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-12-2024) هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە 77 هەزار و 850 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
لە مامەڵەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆدا هەر دۆلارێک ئاستی 78 هەزار تمەنیشی تۆمارکردبوو.
ئابووریناسان پێیانوایە؛ ئەگەر سیاسەتی بانکی ناوەندی ئێران بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، بەهای دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر تمەن بەخێرایی دەگاتە ئاستی 80 هەزار تمەن.
گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و تووندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن دادەنرێت.
لە بازاڕەکانی باشووری کوردستانیش تمەن بەهەمان شێوە دابەزی. ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر هەر 100 دۆلارێک بە 7 ملیۆن و 770 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکراوە.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراو لە ناوخۆی ئێران پێیانوایە خواست بۆ کڕینی دۆلار لە بازاردا بەرزبووەتەوە و هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانیش لەبەر نیگەرانییەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سامانەکانیان دەگۆڕن بۆ دۆلار.
سەرەتای ئەم مانگە؛ یەک دۆلار بە نزیکەی 69 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەوپێیەش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهای تمەن زیاتر لە 9٪ـی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە محەممەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، گێژاوی بێوێنەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بەهۆی "ئۆپەراسیۆنی دەروونیی دووژمن"ـەوەیە.
گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران، هاوکاتن لەگەڵ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئێران بوو.
بێهنام بێن تالێبو، شرۆڤەکار لە دامەزراوەی "بەرگریی دیموکراسی" لە واشنتن دەڵێت، کەوتنی رژێمی ئەسەد کاریگەریی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت. ئەوەش بە زیان بۆ سەر بەهای تمەنی ئێرانی دەشکێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ