رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ دابەزینی لەسەریەک، ئەمڕۆ بەهای لیرەی سووری بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا ئێوارەی ئەمڕۆ، یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 320 هەزار دینار بووە.
بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بە 270 هەزار دینار بووە.
لە هەولێریش بەهای لیرەی سووری بەرزبووەتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بە 250 هەزار دینار بووە، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا گەیشتە 300 هەزار دینار.
بەم پێیە، ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی هەر ملیۆنێک لیرەی سووری 50 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
رەوەز میرزا دەڵێت، ئێستاش خەڵکێکی زۆر مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە لیرەی سوورییەوە دەکەن.
رۆژی شەممە 14-12-2024، بەهای هەر ملیۆنێک لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دینار کە بەرزترین ئاستی چەندین ساڵی رابردووی بووە.
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام دوای رووخانی و لە 08-12-2024، و لیرەی سووری گەیشتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردووی و ملیۆنێک لیرە بە 285 هەزار دینار فرۆشرا.
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام لەبارەی دراوی وڵاتەکەیان گوتی، کە باردۆخی سووریا جێگیر بوو دراوی وڵاتەکە دەگۆڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ