بەهای دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات و بەر لەوە، نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار پاشەکشەی کرد.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 2,647 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 2,662 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی دیکەی سەرەکیی جیهان بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و ئەوەش بە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ هەژماردەکرێت.
چاوی بازرگانان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە روانگەی خۆی لەسەر ئابووری ئەمریکا ئاشکرا دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەبەر ئەوە گرنگە کە دەتوانێت نەخشەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی بۆ ساڵەکانی 2025 و 2026 دەربخات.
فواد رەزاقزادە، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (فۆرێکس دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پرسیارەکە ئەوەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا چ هەڵوێستێک دەردەبڕێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی داهاتووی بانکەکە".
رەزاقزادە دەڵێت، "ژمارەیەک لە بازرگانان پێیانوایە بەهۆی دەستبەرکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، بانکی ناوەندی بە وریاییەوە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات".
بەپێی رووپێوەکان، 95٪ی بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندی ئەم مانگە بەڕێژەی 0.25٪ی دیکە سوودی بانکی دادەبەزێنێت، بەڵام تەنیا 16٪ی بازرگانەکان پێشبینییان کردووە لە مانگی 1ـی ساڵی 2025یشدا بانکەکە بۆ جارێکی دیکە سوودی بانکی کەمدەکاتەوە".