رووداو- هه‌ولێر
مانگی رابردوو رۆبێرت ئۆبراین، راوێژكاری دۆناڵد تره‌مپ بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له كۆڕبه‌ندی ئه‌منیی هاڵیفاكس له واشنتن رایگه‌یاند، به‌شێك له نه‌وتی ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) "ده‌چێت بۆ رژێم، هه‌ندێكی له ناوخۆ به‌كاردێ، هه‌ندێكی ده‌چێته كوردستانی عێراق و هه‌ندێكیشی ده‌چێته توركیا. گرنگ نییه نه‌وته‌كه بۆ كوێ ده‌چێ، گرنگ ئه‌وه‌یه داهاته‌كه‌ی بۆ كوێ ده‌چێ". هه‌ر پاش ئه‌وه، بڵاوكراوه‌ی ئه‌لیكترۆنیی (ئه‌لمۆنیته‌ر)ی ئه‌مریكی له راپۆرتێكدا، هه‌ندێك ورده‌كاری له‌باره‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌چێ، ئاشكرا كرد.
توركیا و میلیشیاكانی له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ هێرشێكیان بۆ سه‌ر دیوی باكووری ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی (هه‌سه‌ده) ده‌ستپێكرد. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا له باكووری سووریا ده‌كشێنه‌وه، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و هێزه‌كانی ئه‌مریكا "بۆ پاراستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كان" له رۆژهه‌ڵات و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا مانه‌وه.
رێڕه‌وی نه‌وت
ماڵپه‌ڕی (ئه‌لمۆنیته‌ر) له یه‌ك ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێشووی ئه‌مریكا، كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ی خۆسه‌ری و كه‌سانی ئاگادار له بازرگانیی نه‌وت قسه‌ی كردووه، له‌وێشه‌وه بۆی ده‌ركه‌وتووه كه نه‌وتی رمێلان و تربه‌سپی (یانیش قه‌حتانییه) دێته هه‌رێمی كوردستان و لێره‌شه‌وه ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرێ.
كێڵگه‌ی رمێلان دووه‌م گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی نه‌وتی سووریایه و تربه‌سپی ده‌كه‌وێته نزیك سنووره‌كانی رۆژئاڤا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و توركیا.
به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ راپۆرته‌كه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه كه "هه‌ندێك" له نه‌وتی كێڵگه‌كانی ژێر چاودێریی هه‌سه‌ده له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌چێته توركیا. قاچاخچییهكی نه‌وتی خه‌ڵكی سلۆپیش ئاشكرای ده‌كات كه نه‌وتی سووریا به ناوی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له سنووری خابوور ئاودیوی توركیا ده‌كرێ. به‌رپرسێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌ی قاچاخچییه‌كه، ده‌ڵێت "زۆرینه‌ی نه‌وتی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده ده‌چێت بۆ توركیا".
داهاتی نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ژیانی ئیداره‌ی خۆسه‌رییه و له هه‌مانكاتدا وه‌ره‌قه‌یه‌كی به‌هێزه كه هه‌سه‌ده ده‌توانێ له كاتی دانوستاندن له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆككۆماری سووریا، به‌كاری بهێنێ.
كاربه‌ده‌ستێكی ئه‌منیی سه‌ر به هه‌سه‌ده له‌باره‌ی بایه‌خی نه‌وته‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر نه‌وتمان له‌ده‌ست بچێ، ئه‌وه هه‌موو سیسته‌مه‌كه‌مان ده‌ڕووخێ. نه‌وت شتێكی حه‌یاتییه".
مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند 200 ملیۆن دۆلار هاریكاریی وڵاته‌كه‌ی بۆ سووریا راده‌گرێ. ئه‌و 150 ملیۆن دۆلاره‌ش كه له سعودیه و ئیماراته‌وه بۆ ئیداره‌ی خۆسه‌ری ده‌هات له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ته‌واو ده‌بێ. هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه وا ده‌كه‌ن داهاتی نه‌وت بایه‌خێكی زیاتر له جارانی بۆ ئیداره‌ی خۆسه‌ری هه‌بێ.
بێنه‌وبه‌رده‌ی رێككه‌وتنه‌كان
كاربه‌ده‌ستێكی پێشووی ئیداره‌ی تره‌مپ به ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه "به مه‌زه‌نده‌ی ئێمه رۆژانه نزیكه‌ی 300 تانكه‌ر نه‌وت ده‌چێته كوردستانى عێراق. بازرگانیی نه‌وت بازرگانییه‌كی ته‌مومژاوییه. رێككه‌وتنه‌كان له‌سه‌ره‌وه ده‌كرێن و دواتر له خواره‌وه ده‌كرێنه گرێبه‌ست. كه‌سی نێوه‌ندگیر زۆرن. منیش پێموایه هه‌ندێك له نه‌وته‌كه ده‌چێته توركیا".
شرۆڤه‌كارێكی نه‌وت كه له عێراق داده‌نیشێ، پێیوایه ئه‌و نه‌وته‌ی رۆژانه دێته هه‌رێمی كوردستان له نێوان 6 بۆ 8 هه‌زار به‌رمیل ده‌بێ و ده‌ڵێ: "نه‌وته‌كه زۆر هه‌رزانه. له ته‌مووزی رابردوو كه نرخی یه‌ك به‌رمیل له بازاڕه‌كانی جیهان 60 دۆلار بوو، (نه‌وتی هه‌سه‌ده) به 20 دۆلار ده‌فرۆشرا. ئێمه ده‌زانین هه‌ندێك له‌و نه‌وته‌ی ده‌چێته كوردستانی عێراق به پاڵاوگه بچووك و بێمۆڵهتهكانی دهۆك و هه‌ولێر ده‌فرۆشرێ".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، باسی جیاواز له‌باره‌ی چۆنێتی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی رۆژئاڤا بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌رپرسێكی پێشووی ئیداره‌ی تره‌مپ ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "ژماره‌یه‌كی زۆر لۆری نه‌وتهه‌ڵگر هه‌بوون". به‌ڵام ریپۆرته‌ره‌كه‌ی (ئه‌لمۆنیته‌ر) به‌م دواییانه چووه‌ته پێشخابوور و هیچ لۆرییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری نه‌بینیوه.
(ئه‌لمۆنیته‌ر) به‌ناو كۆمه‌ڵێك زانیاری هه‌واڵگریدا گه‌ڕاوه و بۆی ده‌ركه‌وتووه له یه‌كێك له‌و پردانه‌ی پێشخابوور به سێمالكاوه ده‌به‌ستێته‌وه، بۆڕییه‌كی كاتی هه‌یه به‌ستراوه‌ته‌وه به 22 تانكه‌ری نه‌وتی جێگیر كه بۆ ئه‌مباركردنی نه‌وت له دیوی هه‌رێمی كوردستان دانراون، له كاتێكدا هه‌ندێك تانكه‌ری نه‌وتهه‌ڵگریش پرده‌كه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به‌كارده‌هێنن.
به‌رپرسێكی هه‌سه‌ده به راپۆرته‌كه‌ی راگه‌یاندووه كه بارهه‌ڵگره‌كان ئه‌و پرده بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیوی سووریا به‌كارده‌هێنن و نه‌وته‌كه‌ش بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی سووته‌مه‌نی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه.
ئه‌مریكا رێككه‌وتنێكی له نێوان باشوور و رۆژئاڤای كوردستان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له نه‌وتی رۆژئاڤا له رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بفرۆشرێ و سنووری پێشخابوور به كراوه‌یی بمێنێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌و سنووره شاده‌ماری هاریكارییه مرۆیی و داراییه‌كان و هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانان بوو بۆ رۆژئاڤای كوردستان.
به‌رپرسێكی پێشووی ئیداره‌ی ئه‌مریكی له‌وباره‌وه ده‌ڵێ: "رێككه‌وتنه‌كه رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینی له‌وه‌ی پێشخابوور به كراوه‌یی بمێنێته‌وه. رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئیداره‌ی رۆژئاڤا له‌باره‌ی نه‌وت رێگه‌ی خۆشكرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك به نه‌رمی بڕوات، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه هیچكات ئاشكرا نه‌كرا".
كاربهستێكی توركی په‌یوه‌ندیدار به ناوه‌نده هه‌واڵگرییه‌كانی توركیا به (ئه‌لمۆنیته‌ر)ی راگه‌یاندووه كه نه‌وتی سووریا ده‌چووه توركیا. له ته‌ممووزی 2012 وه، په‌یه‌ده له رێگه‌ی كۆبانێ، قامیشلۆ و عه‌فرینه‌وه رێگه‌ی دا نه‌وت به كۆمپانیاكانی توركیا بفرۆشرێ.
به گوته‌ی كاربه‌ده‌سته توركه‌كه، بازرگانیی نه‌وت له نێوان ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده و كۆمپانیا توركییه‌كان له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له ته‌ممووزی 2015 راگیرا.
به‌ڵام به‌رپرسێكی پێشووی ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌ڵێت ئێستاش 100 تانكه‌ر نه‌وت له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌وه بۆ ناوچه‌ی جه‌رابلوس ده‌گوازرێته‌وه كه له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به توركیادایه.
ساڵانێك به‌شێكی زۆر له نه‌وتی پارێزگاكانی دێره‌زوور و حه‌سه‌كه له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوون كه به‌شێكیان بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی سووریا ده‌چوون، به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و نه‌وته بۆ ناوچه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌چوون، به‌شێكی دیكه‌شی بۆ توركیا چووه.
به‌ڵام وه‌ك مه‌رڤه تاهیرئۆغڵو، هاوئاهه‌نگیكاری پرۆگرامی توركیا له پڕۆژه‌ی دیموكراسیی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌ڵێت: "سه‌رچاوه‌ی ئاشكرای هه‌واڵگری له‌باره‌ی قاچاخی نه‌وتی داعش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه نه‌وته‌كه پێش ئه‌وه‌ی بگاته توركیا به ناوچه كوردییه‌كانی سووریا و عێراقدا تێپه‌ڕیوه... وادیاره نه‌وته‌كه له رێگه‌ی نێوه‌ندگیر و قاچاخچی كورده‌وه گه‌یشتووه‌ته توركیا".
راپۆرته‌كه‌ی (ئه‌لمۆنیته‌ر) ده‌ڵێت هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی كڕینی نه‌وتی رۆژئاڤا خه‌ریكه ده‌گۆڕێ، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له هه‌وڵه‌كانی لاوازكردنی هه‌سه‌ده. هاوكات رووسیاش كه ده‌یه‌وێ ئیداره‌ی خۆسه‌ری و رژێمی دیمه‌شق له یه‌كدی نزیك بكاته‌وه، ده‌زانێ ئه‌گه‌ر كورد له‌ڕووی داراییه‌وه لاواز بن، رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ئاسانتر ده‌بێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ