رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 چووەتە قۆناخی وردبینی و دواتر پارەکە رەوانە دەکرێت." دەشڵێت: رەنگە سبەی یان دوای سەرژمێری بەشێکی پارەکە بنێردرێت."
رۆژی دووشەممە، 18 تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 چووەتە قۆناخی وردبینی، واتا قۆناخی پێش خەرجکردنی پارە."
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەگەری هەیە سبەی یان دوای پڕۆسەی سەرژمێری یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت."
لەبارەی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ ئەو سەرچاوەیە گوتی: "داهاتی ناوخۆ و مووچە دوو بابەتی جیاوازن، بەڵام حکومەتی عێراق هەموو مانگێک بیانوویەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچە دوابکەوێت، ئەگەر کارەکان تەواوبن سبەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێردرێت."
رۆژی 03-11-2024 لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، تاوەکو وردبینی تێدا بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو وردبینییەی پێشووتر کرابوو ئەلیکترۆنی بوو، بەڵام ئەو وردبینییەی ئێستا چاوەڕوانین تەواو ببێت، وردبینیی ژمێرکارییە."
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ