ژووری بازرگانیی هەمەدان: پار بایی 40 ملیۆن دۆلار کاڵامان هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، چەندین گرێبەست لەگەڵ بازرگانانی هەمەدان واژۆ دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستی کردنەوەی کارگەی ئێران لە هەرێمی کوردستان. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدانیش دەڵێت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان بازرگانانی هەردوولادا هەیە.
 
شاندێکی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی پارێزگای هەمەدانی ئێران لە سلێمانییە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-11-2024 مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان و رەحمان نادی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا باسیان لە وردەکاریی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی کرد.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان رایگەیاند، "مەبەست لە هاتنی شاندەکە ئەوەیە کە بتوانن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هاوشێوەی کارگەکانی خۆیان، لێرەش دابمەزرێنن."
 
بەگوتەی سەرۆکی ژووری هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، چەندین بازرگان و خاوەن کارگە لەگەڵ شاندەکە هاتوون کە بەرهەمەکانی خۆیان هێناوەتە هەرێمی کوردستان و گوتی، "هەندێکیان پەیوەندیی رابردوویان هەیە و هەندێکیشیان لە ئەمڕۆوە دەیانەوێت گرێبەستی هاوکاری لەگەڵ بازرگانان و هاوردەکارانی شاری سلێمانی واژۆ بکەن."
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندیی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەمەدان کۆنە و رایگەیاند، "پێشتر پرۆتۆکۆلی لێکتێگەیشتنمان واژۆ کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ نوێ دەکرێتەوە."
 
وەکو سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، مۆڵەتی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان و دروستکردنی چەندین کارگە وەرگیراوە و "ئەمڕۆ پڕۆژەکان دەخرێنەڕوو بۆ ئەوەی بتوانرێت دەستبەکاربین و هاوشێوەی کارگەکانیان (هەمەدان) بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین."
 
هاوکات رەحمان نادی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "لەم چەند رۆژەی کە لە سلێمانی بووین، بارزگانانی ئێمە لەگەڵ بارزگانانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی و لێکتێگەیشتنێکی باشیان هەبوو. ئینشائەڵڵا ئەمڕۆ ژمارەیەک گرێبەستی هاوکاری لەنێوان بارزگانانمان واژۆ دەکرێت."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان گوتیشی، عێراق دووەم هاوبەشی بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ساڵی 2023 بایی نزیکەی حەوت ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی جۆراوجۆریان بۆ عێراق ناردووە. گوتیشی، "ساڵی رابردوو پارێزگای هەمەدان لەپێناو ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان واژۆی کردبوون، بایی نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار هەناردەی کاڵای بۆ سلێمانی و هەرێمی کوردستان هەبووە."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خاوەن کۆمپانیا و کارگەیانەی کە لەگەڵ شاندەکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گوڵخانە، بەرهەمهێنانی کەرەستەی گواستنەوە، جلوبەرگ، خواردەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازیی بەرددا چالاکن.
 
20ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆڕبەندی "دەستەخوشکی بازرگانی"ی سلێمانی و هەمەدانی ئێران لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەوکات رەحمان نادی رایگەیاند، "گرێبەستی زۆرمان لە نێوان باززگانانی هەمەدان و ئەندامانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان واژۆکردووە، بە جۆرێک کە لووتکەی چالاکییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 بووە نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە