'تەوتین' دواى هەشت ساڵ و چوار سەرۆکوەزیران هێشتا کێشەی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
بەجێکردنى مووچە یان "تەوتین" هەشت ساڵە چوار سەرۆکوەزیرانى عێراقى سەرقاڵکردووە، ئاشکراکردنى فەرمانبەرانى "بندیوار" ئامانجى سەرەکى پڕۆژەکەبووە، بەڵام گۆڕینى پەنجەمۆر بە ژمارەى نهێنى فەرمانبەر کێشەى بۆ دروست کردووە.
گرێبەستى تەوتین بۆ ماوەى ساڵێکە و دەکرێ درێژ بکرێتەوە، ئەگەر دۆخێکى ناسرووشتى رووبدات نە فەرمانگەکە نە بانک بەرپرسیارێتى زیانەکان هەڵناگرن.
لە سەرەتاى ساڵى 2025ـەوە پێویستە بەجێکردنى مووچەى وەزاروتەکانى ناوخۆ و بەرگرى لە دوو بانکى حکومى بن، ئەوەش بۆ"رێگرى لە دزەکردنى زانیارییەکانیان".
لە 21ـى شوبات 2024ـەوە، دەستەواژەى بەجێکردنى مووچە یان ئەوەى لە حکومەتى فیدراڵى پێى دەڵێن "تەوتین" لە هەرێمى کوردستان جار بەجار دەبێتە رۆژەڤ.
ئەو رۆژە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کە بڕیاریدا هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەست بکات بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت، بەجێکردنەکە لە رێگەى بانکە حکومییەکانى عێراق و ئەو بانکانەوە دەبێت کە لەلاى بانکى ناوەندى مۆڵەتپێدراون.
چیرۆکى "تەوتین" لە یەکى تشرینى دووەمى 2016ـەوە دەستىپێکرد کە ئەو کاتە حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیران بوو.
دەستپێکردن بە سێ بڕیار
یەکەم نووسراوى فەرمى تایبەت بە "تەوتین" مەهدى عەللاق، ئەمیندارى گشتى ئەو کاتەى ئەنجوومەنى وەزیران بە "پەلە" لە 11ى تشرینى دووەم ناردوویەتى بۆ سەرجەم وەزارەت، دەستە، ئەنجوومەنى پارێزگا و پارێزگاکان و، بەناوى چاکسازیى سیستیمى دابەشکردنى مووچە باسکراوە.
نووسراوەکە سێ بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى پێ گەیاندوون، یەکەم: دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى بە دەرماڵەکانیشیانەوە دەکرێتە ئەلیکترۆنى، دووەم: سیستمێکى پەنجەمۆر دروست دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بوونى فەرمانبەران. سێیەم: دابەشکردنى ئەلیکترۆنى مووچە لە ساڵى 2016 لە دوو وەزارەت و تاوەکو کۆتایی 2017 لە هەموو دامەزراوەکان جێبەجێى دەکرێت.
ئەو وادەیەى بڕیارەکە دیاری کردبوو وەک خۆى جێبەجێ نەکرا، 4ى نیسانى 2024، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە بانگەوازێکدا داواى لە سەرجەم ئەو کارمەندانەى وەزارەتەکەى کردووە کە مووچەکانیان بەجێ نەکردووە، سەردانى ئەو بانکانە بکەن کە بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریکراون.
16ى تەممووزى 2017، مەهدى عەللاق نووسراوێکى دیکەى کردووە بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان و دەڵێت: بۆ جێبەجێکردنى ئەو رێکارەى پێشووى بەجێکردنى مووچە، بانکى ناوەندى چەند پێوەرێکى دیاریکردووە بۆ ئەو بانکانەى بەشدار دەبن لەو پرۆسەیە کە گرنگترین خاڵەکانى ئەوەیە "خزمەتگوزارییەکانى بە شێوەیەکى خێرا و پارێزراو پێشکێش بکات" و داوا لە دامەزراوەکان دەکات لەگەڵ بانکى ناوەندى قسە بکەن بەر لەوەى گرێبەست لەگەڵ هیچ بانکێک بۆ بەجێکردنى مووچە بکەن.
هەر فەرمانگە و وەزارەتێک کە بەجێکردنى مووچە دەکات، گرێبەست لەگەڵ ئەو بانکانە دەکات کە مووچەى لێ وەردەگرن، گرێبەستەکە بۆ ساڵێکە و ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە.
پرۆسەى بەجێکردنى مووچە بە هەشت ساڵى دەسەڵاتى چوار سەرۆکوەزیرانى عێراق تێپەڕ بووە، دواى عەبادى، عادل عەبدولمەهدى، مستەفا کازمى و ئێستا محەممەد شیاع سوودانى.
لە 22ى ئابى 2017، بڕیارێکى دیکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەبارەى بەجێکردنى مووچە دەرکرا بۆ ئەوەى ژمارە بۆ فەرمانبەر دیاری بکرێت و وەزارەت و فەرمانگەکان مانگانە لیستى مووچە بنێرن بۆ وەزارەتى پلاندان و دیوانى چاودێرى دارایی بۆ وردبینیکردنى.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، فەرمانبەر بۆى هەیە بانکێک لەو بانکانە دیاری بکات کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە باوەڕپێکراوبێت بۆ بەجێکردنى مووچە.
موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشووى دیالە، لە 2018 نووسراوێکى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران ناردووە و لێى پرسیوە: فەرمانبەر ناچارە بەجێکردن بکات؟ ئەنجوومەنى وەزیرانیش پێى راگەیاندووە کە پێویستە بیکات.
لە 18ى ئەیلوولى 2018، ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق نووسراوێکى دیکەى "بەپەلە"ى ناردووە بۆ بانکى ناوەندى کە بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى پێگەیاندوون بەوەى دەبێت فەرمانبەر ناچار بکرێت مووچەکەى بە بانکى بکات.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی ئەهلیی عێراقی لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: "عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن فەرمانبەرى هەیە، بۆیە بانکە حکومییەکان نەیاندەتوانى پرۆسەى بەبانکیکردنیان بۆ بکەن و ناچار ئەو پرسە درایە بانکە ئەهلییەکانیش".
گرێبەستێکى نۆ خاڵى
ساڵى 2018 داڕشتەیەکى یاسایی ئامادە کرا بۆ ئەوەى دامەزراوەکان گرێبەست لەگەڵ بانکەکاندا بکەن بۆ بەجێکردنى مووچە کە نۆ خاڵە.
بەگوێرەى گرێبەستەکە دەبێت بانکەکان کارتێکى ئەلیکترۆنى بۆ فەرمانبەر دەربکەن، هەموو فەرمانبەرێک بۆى هەیە مانگى جارێک داوا بکات لیستى وردەکارى راکێشانى پارەکەى بە کارتى بانکى بزانرێت بەبێ بەرامبەر، ئەگەر زیاتر بوو دەبێت بەپارە، ئەگەر مامەڵەى ئەلیکترۆنى بانکەکە وەستا دەبێت بانکەکە چارەسەرى بکات، بەڵام ئەگەر دۆخێکى ناسرووشى روویدا وەک رووداوى سرووشتى، لافاو، کارى تیرۆیستى "گەورە" کە لە دەرەوەى دەسەڵاتى بانک و فەرمانگەکەن، هیچ کامیان بەرپرسیارێتى زیانەکانى لە ئەستۆ ناگرن.
یەکێکى دیکە لە خاڵەکانى گرێبەستەکە ئەوەیە ئەگەر کێشە کەوتە نێوان بانگ و فەرمانگەکە دەبێت لەرێگەى لیژنەى هاوبەشى نێوانیانەوە بە "دۆستانە" لە 15 رۆژدا چارەسەرى بکەن ئەگەرنا دەبێت بچنە دادگەیەک لە بەغدا.
زیاتر لە 43 بانک
سێ بانکى حکومى و 40 بانکى ئەهلی لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە لە لیستى ئەو بانکانەن کە بەشدار و هاوبەشن لە سیستمى بەبانکیکردنى مووچەدا.
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی گوتى: "تەنیا وەزارتەکانى ناوخۆ و بەگرى ناچار کراون کە بەجێکردنى مووچە لە هەردوو بانکى رافیدەین و رەشید بکەن و بڕیارەکە لە سەرتاى 2025 جێبەجێەکرێت و دەیانەوێت زانیارییەکانیان تەنیا لە دوو بانکى حکوى بێت نەک بانکە ئەهلییەکان."
بە گوێرەى بڕیارى دادگەى فیدڕاڵى بەجێکردنى مووچەى فەرانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە فیدراڵییەکان یان لەو بانکانە بن کە لە بانکى ناوەندى باوەڕپێکراوە
دەرگایەکى دیکەى گەندەڵى
محەممەد روبەیعی، سەرۆکى دامەزراوەى نەهرەین بۆ پاڵپشتی شەفافیەت و دەستپاکى لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: "سەرەتاى جێبەجێکردنى پڕۆژەى بەجێکردنى مووچە، بە ریژەیەکى باش رێگرى لە فەرمانبەرى بندیوار کرد کە پشتى بە پەنجەمۆر دەبەست، بەڵام کە دواتر گۆڕدرا بۆ ژمارەى نهێنى؛ ئەمە لە پرسی فەرمانبەرانى بندیوار و دوو موچەیی کێشەى دروست کرد و بووە بۆشاییەکى گەورە."
وەرگرتنى مووچە لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنى بانکى بۆ حکومەت هەنگاوى سەرەکى رێگرییە لە مامەڵەى دارایی گومانلێکراو و کەمکردنەوەى چاپى دینارى عێراقى.
محەممەد روبەیعی گوتى: "پڕۆژەکە دەروازەیەکى دیکەیە بۆ گەندەڵەییەگى نوێ، نەک کۆتایی هێنان بە گەندەڵی، لەبەر ئەوەى فەرمانبەر پارەى دیکەى لێ دەکێشرێتەوە، لەوانە نوێکردنەوەى کارتە بانکییەکە کە 25 هەزار دینارى دەوێت، ئەوە جگە لەو پارەیەى لە مووچەکەى دەبڕێدرێت لە رێگەى بانکەکانەوە، ئەو پارەیەش دەکاتە چوار بۆ پێنج ئەوەندەى ئەو سەرە مووچەیەى فەرمانبەر ساڵانە وەریدەگرێت، ئەوە بەفیڕۆچوونى بەشێک لە پارەى قووتى ژیانیەتى."