کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە.
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەو چەوەندەرەی کڕدراوە بایی 4 تریلیۆن و 250 ملیار تمەن بووە، تاوەکو ئێستا 61%ی پارەی جووتیاران خەرجکراوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ گوتیشی، ئەو بڕە چەوەندەرە لەلایەن 6 کارگەی قەند و شەکرەوە لە جووتیارانی ناوچەکە کڕدراوە، کە زیاترینی لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکری ورمێ و پیرانشارەوە بووە.
لە پارێزگای ورمێ، شەش کارگەی قەند و شەکری ورمێ، خۆی، مهاباد، پیرانشار، نەغەدە و میاندواو هەن کە ساڵانە بەرهەمی چەوەندەری جووتیارانی پارێزگاکە دەكڕن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، بە پێی پێشبینییەکانیان ئەم ساڵ بەرهەمی چەوەندەر لەو پارێزگایە لەنێوان یەک ملیۆن و 700 هەزار تۆن تاوەکو یەک ملیۆن و 800 هەزار تۆن دەبێت.
ساڵی رابردوو بەرهەمی چەوەندەر لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 670 هەزار تۆن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، زیاتر لە 30%ی چەوەندەری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە لە رووی بەرهەمهێنانی چەوەندەرەوە ورمێ لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت؛ هەروەها زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی چەوەندەر لە پارێزگاکە لە سنووری شارەکانی پیرانشار، بۆکان، میاندوا و نەغەدەیە.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەم ساڵ هەر تۆنێک چەوەندەر لەنێوان سێ ملیۆن و 900 هەزار تمەن تاوەکو چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت.
وەزارەتەکە ساڵی 2023 بۆ کڕینی هەر تۆنێک چەوەندەر لە جووتیاران نرخی دوو ملیۆن و 800 هەزار تمەن (نزیکەی 50 دۆلار)ی دیاریکردبوو.