ئەپیکور بۆ رووداو: گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەسەر رێچکەیەکی راستن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت "بە ئاراستەیەکی راست دەڕۆن". داواشی کرد، لەسەر کاخەز رێککەوتنیان لەگەڵ بکرێت.
 
شەوی یەکشەممە 17-11-2024 مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو بوو، گوتی، "گفتوگۆ و بەرەوپێشچوونەکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، بە ئاراستەیەکی راست بەڕێوەدەچن."
 
بەرەوپێشچوونەکە، بە گوتەی کاگینز، بەهۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوەیە کە بەیەکەوە کار دەکەن، "یاسای هەمواری بودجە لەگەڵ رێنوێنی و خاڵەکانی کۆمپانیاکانی ئێمە هاوتەریبە."
 
گوتەبێژی ئەپیکور راشیگەیاند، لە ئاداری 2023وە، کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، "22 ملیار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە." هەروەها چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت لەسەر کاخەز و بە واژۆ رێککەوتن بکەن، "بۆئەوەی هەموو کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور بتوانن پارەی خۆیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەربگرن."
 
کاگینز خواستی خۆی بۆ "هەناردەکردنی نەوت بە بۆری لە رێگەی سۆمۆ"وە دەربڕی و گوتی، "دەمانەوێت نەوت لەسەر ئاستی جیهان بفرۆشین. هەر بەرمیلێک کە لە دەرەوە دەیفرۆشین 75 بۆ 80 دۆلار دەکەوێت، بەڵام لە ناوخۆ 30 بۆ 35 دۆلارە."
 
ئەپیکور، لە هەشت کۆمپانیا پێکدێت؛ گوتەبێژەکەی جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردەوە و گوتی، "نەوت 80%ی ئابووریی ئێرەیە (هەرێمی کوردستان) و هەموو پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانیش لە رێگەی نەوتەوە پارەدار دەکرێت."
 
کاگینز سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کرد کە لەگەڵ بەغدا لە هەوڵ و کۆبوونەوەی بەردەوامن بۆ "چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."
 
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، لە 25ى ئادارى 2023وە لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا وەستاوە، ئەوەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ رەزامەندیی بەغدا لە لایەن ئەنقەرەوە بە نایاسایی دانا.
 
وێڕای چەندین گەڕی گفتوگۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا، ناکۆکییەکان چارەسەرنەکراون و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش بەشی هەرە زۆری بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
 
بەغدا داوا دەکات گرێبەستی نوێ بکرێت و تێیدا ئەو پارەیەی وەک تێچووی بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکان دەدرێت کەمبکرێتەوە و نزیک بێت لەوەی لە باشووری وڵاتەکە بە کۆمپانیاکانی دیکە دەدرێت، بەڵام ئەپیکور دەڵێت، بەهۆی سرووشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان، ناکرێت تێچووی بەرهەمهێنانەکە کەمبکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە