رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت 20 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 71 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 19 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ توندبوونەوەی شەڕ لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەگەڕێتەوە.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئیدارەی بایدن رێگەی بە ئۆکراینا داوە کە بە چەکی دروستکراوی ئەمریکی هێرش بکاتە ناو قووڵایی خاکی رووسیا. ئەم کارەی ئەمریکا کاردانەوەی تووندی کۆشکی کرێملنی بەدواوە هات و رووسیا هۆشداری تووندی داوە کە بەردەوامیی بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەلایەن ئۆکرایناوە، شەڕی جیهانی سێیەمی لێدەکەوێتەوە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە گوتی، "رێگەپێدانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی مووشەکی درێژمەودا لەلایەن ئۆکرایناوە، پرسی جیۆسیاسی گەڕاندووەتەوە بۆ ناو بازاڕی نەوت."
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام هێشتا بازاڕی نەوت کاریگەریی خاوبوونەوەی خواستی چین بۆ زێڕی رەشی لەسەرە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن پاڵاوگەکانی چین لە مانگی 10ـی ئەم ساڵدا، بەڕێژەی 4.6٪ بەراورد بە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ