نرخی زێڕ کۆتایی بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی هێنا یەک ئۆنسە 20 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دابەزینی بەرچاوی هەفتەی رابردوو، نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان دا لەم هەفتەیە، بەرزبووەوە.
یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە کە زیاترە لە 1٪ دەکات. ئەمڕۆ یەک ئۆنسە بە نزیکەی 2587 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.9٪ بۆ 2592 دۆلار بەرزبووەوە. ئەمڕۆ بەهای دۆلار بە جێگیریی ماوەتەوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەڕێژەی 1.6٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) دەڵێت، "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە لەبەر ئەوە روویداوە، نرخی کانزای زەرد هەفتەی رابردوو دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "ئەگەر بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوە بووەستێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ هەیە."
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەری هەیە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا بووەستێنێت و ئەوەش هێشتا لە بازاڕدا رەنگی نەداوەتەوە.
وەستانی پرۆسەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی کە لە مانگی رابردووەوە دەستیپێکرد، بە ئەگەری زۆرەوە بەردەوام گوشار بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
ئەم هەفتەیە چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لێدوان و گوتار پێشکێش دەکەن کە رەنگە ئاماژەی نوێ لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی بدرکێنن، بەو پێیەش کاریگەری لەسەر بازاڕە داراییەکان دروستدەکەن.