نرخی نەوت و زێڕ بە رێژەیەکی کەم بەرز دەبێتەوە

18-11-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هەینی، لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخەکانی نەوت و زێڕ بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە بەرزبوونەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە بەراورد بە دوێنێ پێنجشەممە نرخی نەوت نزیکەی سێ دۆلار و نرخی زێڕیش نزیکەی 15 دۆلار دابەزیون. 
 
رۆژی هەینی 18-11-2022، بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە سەروو 90 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام بەراورد بە دوێنێ نزیکەی سێ دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ترس لە دابەزینی خواستی چین لەسەر نەوت بەهۆی تەشەنەسەندنی تووشبوون بە کۆرۆنا و زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. 
 
نرخی نەوتی برێنت 64 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 90 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 75 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، نرخەکانی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی شەش هەفتەدا دابەزین؛ لەم هەفتەیەدا نەوتی برێنت نزیکەی 6٪ و نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش زیاتر لە 7٪ـی نرخەکەیان لەدەستداوە.
 
لە وڵاتی چین، کە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون بە کۆرۆنا بۆ بەرزترین ئاست لە دوای مانگی نیسانەوە زیادبوون، ئەوەش مەترسیی سەپاندنی رێوشوێنی زیاتری قەدەخەی هاتووچۆی لەو وڵاتە دروستکردووە، کە کاریگەریی لەسەر خواستی وڵاتەکە لەسەر نەوت دەبێت. 
 
هاوکات بەپێی چەند سەرچاوەیەک، بەهۆی زیادبوونی تەشەنەسەندنی کۆرۆناوە، پاڵاوگە نەوتییەکانی چین بۆ مانگی کانوونی یەکەم، داوای نەوتی کەمتریان لە وڵاتی سعودیە کردووە.
 
ئۆنسەیەک زێڕ بە 1761 دۆلارە
 
دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە نزیکەی 15 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە. رۆژی هەینی، بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە نرخی زێڕ 39 سەنت بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1761 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
دوێنێ بەهۆی ئەگەرەکانی زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بە ئاستی زیاتر لە پێشبینییەکان، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 1774 دۆلارەوە بۆ 1759 دۆلار دابەزی.
 
رۆژی پێنجشەممە، جەیمس بوڵارد، سەرۆکی لقی ویلایەتیی میسۆریی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان، پێویست بکات نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی زیاتر لەو ئاستە زیادبکەین کە ئێستا پێشبینی دەکرێت.
 
لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 7.7٪ دابەزی، هاوکات دوای دوو چارەک پاشەکشەی یەک بەدوای یەکیش، لە چارەکی سێیەمدا ئابووریی وڵاتەکە 2.3٪ گەشەی تۆمارکرد، ئەوەش ترسەکانی زیادکردنی نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرزی هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی پێشوو کەمکردەوە و ئابووریناسان رایانگەیاند، پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بانکی ناوەندی نرخی سوودی بانکی 0.50٪ زیادبکات.
 
شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، زیادکردنی نرخی سوودی بانکی سەرئێشەی بەردەوام بۆ نرخەکانی زێڕ دروستدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی کانزای زەرد (زێڕ) بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2462 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.