سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانان: 90%ی هەنگوینی ئەمساڵ لە هەولێر بەرهەمهاتووە

18-11-2019
ژیوار عەبدولڕەحمان
نیشانەکردن هەنگوین
A+ A-
رووداو – سلێمانی

بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە، سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانان دەڵێت: لە 90%ی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ لە هەولێر بووە و 10%ی لە سلێمانی و دهۆک بووە.
 
عارف شێروانی، سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی هەنگوین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە هەندێک شوێن نزیکبووەتەوە لە نەبوونی هەنگ.
 
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی هەنگوین زۆر کەم بوو، بەڵام ئەمساڵ تەنها لە پارێزگای هەولێر هەنگوین هەبوو، لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک رێژەکەی زۆر کەمتربوو لە ساڵی رابردوو.
 
بەگوتەی عارف شێروانی، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین نزیکەی 500 تۆن بووە، 90%ـی ئەو بەرهەمە لە پارێزگای هەولێر بووە 10%ـی لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بەرهەمهاتووە.
 
سیروان ئەبوبەکر، هەنگەوانێکی ناوچەی ماوەتە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵانە ئەو هەنگوینەی بەرهەمی دەهێنم تۆماریدەکەم و بەپێی ئەو تۆمارەی لای من هەیە، ساڵی رابردوو هەر پوورەهەنگێک شەش کیلۆ و نیو بەرهەمی بووە، بەڵام ئەمساڵ هەرپوورەهەنگێکم بەرهەمەکەی دوو کیلۆ و نیو بووە".
 
سیروان ئەبوبەکر ''خراپی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ''ی بۆ خراپی کەشوهەوا گەڕاندەوە و گوتی " لەبەرئەوەی ئەمساڵ باران درەنگ کۆتاییهات و گوڵ و گەڵاکان بەهۆی ئەو بارانە زۆرەوە کە هەبوو شیلەکانیان شۆرایەوە هەنگەکان نەیانتوانی هەنگوینی زۆر بەرهەمبهێنن". 
 
لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 150 هەزار خاوەن هەنگ، لاى کۆمەڵەى هەنگەوانان تۆمارکراون، ساڵانە لەنێوان 500 تاوەکو هەزار تۆن هەنگوێن بەرهەمدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە