سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق: رێککەوتین مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە رێگەی بانکەکانەوە بدرێت

18-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن مووچە یونس مەحموود
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندى هەرێمى کوردستان رێککەوتن کراوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان و بودجەیەکى پلانداڕێژراوی هەبێت بۆ خەرجییەکانى، بانکە متمانەپێکراوەکان پارەداربکرێن بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و گوتیشى، "ئەگەر هەیە، هەندێک لە مادەکانى یاساى بودجەى گشتى، گۆڕانکارییان تێدا بکرێت."
 
رۆژی 18ـی تشرینى یەکەمى 2023، عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە بارەى کۆبوونەوەى لیژنەکەى لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى گوتى "کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ، کۆبوونەوەیەکى گرنگ و مێژوویی بوو، کە بۆ یەکەمجارە لیژنەى دارایی رابسپێردرێت بۆ بەدواداچوونى دۆسیەیەکى هەستیار، کە چارەسەرکردنى چەندین ساڵ دواکەوت." 
 
عەتوان عەتوانى رایگەیاند، لیژنەى دارایی لە کۆبوونەوەکەدا زۆربەی وردەکارییەکانى زانى و لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکات، بۆ ئەوەى راپۆرتێک لەبارەیەوە پێشکێشی پەرلەمان بکات.
 
ئەمڕۆ، هەردوو وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان و خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى و رادەستکردنى داهاتەکان.  
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، گرنگترین خاڵەکان کە پێى گەیشتن ئەوەیە "بڕیاردرا مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى بانکە متمانەپێکراوەکانەوە دابین بکرێت، ئەو بانکانە لە رێگەى وەزارەتى داراییەوە بۆ ئەو مەبەستە پارەدار بکرێن."
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە؛ بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بنێرێت.
 
عەتوان عەتوانى ئاماژەى بەوە دا؛ رێککەوتن لەبارەى ئەوە کرا، حکومەتى هەرێمى کوردستان پلان و بودجەیەکى پلانداڕێژراوى هەبێت بۆ خەرجییەکان، چونکە خەرجى بەبێ بودجە "کێشەى گەورە" دروست دەکات و زیان بە فەرمانبەران دەگەیێنێت.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق، لە 199 تریلیۆن دینارى پارەى یاساى بودجەى گشتى، پشکى هەرێمى کوردستان بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بۆ ساڵێک هەژمار کراوە، یەکێک لە مەرجەکانى  نادرنى ئەو پشەکە رادەستکردنى داهاتەکانە بە بەغدا. 
 
سەرۆکى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى "ئەوەى لەبارەى رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى رادەستمان کراوە، لێکۆڵینەوەى لەبارەیەوە دەکەین، ئەگەر هەیە بەهۆیەوە ناچار بین هەندێک لە مادەکانى بودجە بگۆڕدرێن، بەڵام بڕیارەکە بەدەست لیژنەى دارایی نییە، بەڵکو لە رێگەى راپۆرتێکەوە دەیدەینە پەرلەمان."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە