ئابووری
بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان : ئەو بڕیارە بۆ پاڵپشتیکردنە لە بەرهەمی ناوخۆ و بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ زیادکراوە
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆ بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ رەسمی گومرگی سەر سێو لە 500 دینارەوە بۆ هەزار دینار زیادکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بۆ پاراستنی بەروبوومی ناوخۆ باجی سەر زۆربەی سەوزەکان، سێو، هەنار و چەند میوەیەکی دیکە زیادکراوە.
رۆژی سێشەممە 18-10-2022، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گومرگی سەر سێو لە 500 دینار بۆ هەزار دینار زیادکرا، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداری کردینەوە کە بەشی پێویستی ناوخۆ سێومان هەیە."
ساماڵ عەبدولرەحمان گوتی: رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەیە کە سەرەتای هەموو ساڵێک وەزارەت دەینێرێت، بەپێی وەرزی پێگەیشتنی هەموو بەروبوومەکان ئەو رۆژنامەیە روسوماتی زیادەی داناوە، ئێمەش بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە کاردەکەین، هەر گۆڕاکارییەکیش بکرێت دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵ خۆی بیکات.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: بەگوێرەی ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە بێت کە وەزارەت ئامادەی کردووە ئێستا باجی سەر زۆربەی سەوزەکان، سێو و هەنار و چەند میوەیەکی دیکەش زیادکراوە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتیشی: ئەو رۆژنامەیە بۆ پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیە و زۆرجار لەکاتی زیادبوونی هەندێک بەرووبوم لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان باج لەسەر هاوردەکردنی زیادەکرێت ئەوەش بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناخۆیە.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی حاجی ئۆمەران کە بە ژمارە 2881 لە رۆژی 17-10-2022 دەرچووە و ئاراستەی گشت هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کراوە، بڕیار دراوە رەسمی گومرگی کیلۆیەک سێو لە 500 دینارەوە بۆ هەزار دینار زیاد بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ