رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بووە.
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار لە هەولێر بە 150 هەزار و 150 دینار بووە.
لە سلێمانیش بە هەمانشێوە بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 150 هەزار و 250 دینار و، لە کاتی داخستنیش ئێوارەی ئەمڕۆ بە 149 هەزار و 900 دینار بووە.
بە گوتەی کەیفی خۆشناو، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار ئەوە بووە کە پشووەکانی چین کۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ حەواڵە بۆ ئەو وڵاتە دەستیپێکردووەتەوە.
بۆ حەواڵەکردن، بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە، بەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەم دەبێتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دینار لەکاتێکدایە، هەفتەیەک بوو 100 دۆلار بە زیاتر لە 150 هەزار دینار بوو.
ئیسماعیل محەممەد، شارەزا و ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، جگە لە پشووەکانی چین، نەفرۆشتنی دۆلاریش تاوەکو دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەهۆی پشووەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار بووە بەرامبەر بە دۆلار لە رۆژانی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ