تۆتاڵ ئینێرجی 16 ملیار مەتر سێجا گاز هەناردەی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بۆتاشی تورکی لەگەڵ تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی رێککەوتنێکی نوێی بۆ هاوردەکردنی گازی شل بۆ تورکیا واژۆکرد.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتووە، بەپێی رێککەوتنەکە، ساڵانە ملیارێک و 600 ملیۆن مەتر سێجا گازی شل لە لایەن تۆتاڵ ئینێرجییەوە هاوردەی تورکیا دەکرێت.
ماوەی رێککەوتنەکە 10 ساڵە و لە 2027ـەوە دەست پێدەکات. ئەو بڕە گازە بە 16 کارگۆ [باری کەشتی] دەگوازرێتەوە تورکیا. لەو 10 ساڵە 16 ملیار مەتر سێجا گازی شل بۆ تورکیا دابین دەکرێت.
بایراکتار دەڵێت، رێککەوتنەکە مەرجی زۆر نەرم و گونجاوی تێدایە و پشتیوانیی ئامانجەکەیان دەکات لەوەی لە داهاتوودا گاز لە تورکیا هەرزان ببێت.
پێش 10 رۆژیش، بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی پیترۆڵ) ـی تورکیا لەگەڵ کۆمپانیای 'شێڵ'ـی ئەمریکی رێککەوت، کە لە 2027 تاوەکو 2037، ساڵانە 4 ملیار مەتر سێجا گازی شل بۆ تورکیا دابین بکات.
مانگی ئایاری ئەم ساڵیش تورکیا رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل واژۆکرد. ئەو رێککەوتنەش ساڵانە سێ ملیار و 200 ملیۆن مەتر سێجا گاز دەهێنێتە وڵاتەکە.
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، تورکیا وڵاتێکە پشت بە هاوردەی وزە دەبەستێت، بۆیەش دەیەوێت سەرچاوەکەی فرەچەشن بکات و خۆی لە ناجێگیریی بازاڕ بپارێزێت. وەبەرهێنان لە ژێرخانی تورکیاش رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەو پلانە. گوتیشی، بۆیە تورکیا پابەندە بە پێشخستنی ئاسایشی بواری وزەی. ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وڵاتەکە.
بایراکتار دەڵێت، بەهۆی وەبەرهێنانەکانی لە ژێرخانی وڵاتەکە، تورکیا ئێستا توانای هەیە ساڵانە 50 ملیار مەتر سێجا گاز بکڕێت. هاوتەریب لەگەڵ بەرهەمهێنانی نێوخۆ و رێککەوتنەکە نوێیەکانیش، ئەو توانایە بۆ 80 ملیار مەتر سێجا زیادبووە.