چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراق: هەزاران فەرمانبەری هەرێمی کوردستان بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 5000 فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی حکومەتی عێراقیان وەرگرتووە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو کەسانە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە داواکارییان پێشکێش کردووە و دواتر ناویان گەڕاوەتەوە و مووچەیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین."
 
رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 د. ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارە و داتا و زانیارییەکانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران رادەستی بەغدا کردووە.
 
د. ئەحمەد خەلەف موسەوی گوتی، "دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی و هاوتاکردنی داتا و زانیارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوت کە زیاتر لە 5 هەزار فەرمانبەر و کارمەند لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی هاوکاری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی فیدراڵی عێراق وەردەگرن."
 
سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی ستایشی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "زۆر هاوکارە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو سەرپێچییانە بۆ ساڵانی 2016 تاوەکو 2021  دەگەڕێنەوە و گوتی، ئەو کەسانە "فەرمانبەری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتیی فیدراڵیی عێراقیان وەرگرتووە. ئەوان خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن لە پارێزگای نەینەوا، کەرکووک و دیالە و بەشی زۆریان پێشمەرگەن. ئەو کارەش پێچەوانەی یاسایە."
 
ئەحمەد موسەوی گوتیشی، "لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە راگیراوە و دەبێ ئەو پارەیەش بگەڕێننەوە کە وەریانگرتووە.بەشێکیان ئامادەییان دەربڕیوە پارەکە بەیەکەوە بگەڕێنەوە و بەشێکی دیکە بەش بەش پارەکە دەگەڕێننەوە."
 
هەر لەو بارەیەوە ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەرتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ پەیوەندییەکمان بەو فەرمانبەرانەوە نییە کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان لە عێراق وەرگرتووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو کەسانە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە لە مۆبایلەکانیان داواکاریان پێشکێشکردووە و دواتر ناویان گەڕاوەتەوە و مووچەیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین. بەغدا ئازادە چ رێکارێکیان بەرامبەر دەگرێتەبەر."
 
ئاریان ئەحمەد دەشڵێت،" تاوەکو ئێستاش لەوبارەوە بە فەرمی وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە."