ئەو پارەیەی بەغدا بە ناوى قەرز دەیداتە هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ دەگاتە نزیکەى پێنج تریلیۆن دینار

رووداو دیجیتاڵ

دواى سێ مانگ چاوەڕوانى، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا پشکى هەرێمى کوردستان بۆ سێ مانگ بنێرێت، ئەو بڕیارە لەدواى سەردانێکى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو بۆ بەغدا لە 14ـی ئەیلوولى 2023، تێکڕاى ئەو پارانەى بەغدا بە ناوى قەرز دەیداتە هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ دەگاتە 4.6 تریلیۆن دینار. 
 
ناردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمى کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە بە مەرج و رێنماییەوە بوو، بەگوێرەى بڕیارەکە، دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار لە رێگەى بانکەکانى رەشید، رافیدەین و تى بى ئاى بە قەرز دەنێردرێت لە پارەى تەرخانکراوى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى دارایی عێراق و دواتر پاکتاو دەکرێت، ئەگەر پشکەکەى بۆ 2023 لەو قەرزە کەمتر بوو کە بۆى نێردراوە، لە پشکەکەى بۆ ساڵى دارایی 2024 دەبڕدرێت، لەماوەى 30 رۆژدا دیوانى چاودێرى دارایی هەردوولا وردبینى لە لیستى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و بڕى پارەکەى دەکەن.
 
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند؛ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها لەسەر بنەمای بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پابەندییە دەستوورییەکان و بودجەی گشتیی فیدراڵی، بڕیارى ناردنى ئەو بڕە پارەیە دراوە.
 
ناردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ مانگەکانى ئەیلوول و تشرینى یەکەم و دووەمى داهاتوو دەبێت، لەکاتێدا فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگەکانى تەممووز و ئاب و ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.      
 
خالید شوانى، وەزیرى دارایی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "داواى 800 ملیار دۆلارمان کردبوو بۆ مانگەکانى حەوت و هەشت و دوازدەش، دیارە پرسی نەختینە هەبوو، هەروەها رێککەوتنە سیاسییەکەش بەرەو ئەو ئاراستەیە بوو."    
 
چارەنووسی پشکى هەرێمى کوردستان بۆ سێ مانگەکەى دیکە، لەگەڵ ئەوەى لە مانگى کانوونى یەکەم ساڵى داراییدا بودجە کۆتایی دێت، نادیارن.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "وا دیارە بەغدا بڕیارى ئەوەیە نەچێتە ژێر بارى هەموو مانگەکان و، هەر ئەوە وەک قەرزێک بە هەرێمى کوردستان دەدات."
 
لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى بە قەزر وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، بە ناردنى ئەم گوژمە نوێیە، تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى بەغدا وەک قەرز لە ئەمساڵدا لەسەر هەرێمى کوردستان هەژماری کردووە، دەگاتە چوار تریلیۆن و 698 ملیار دینار.