وەزیری کشتوکاڵ هاوردەکردنی هەنگوین قەدەخەدەکات

18-09-2019
ژیوار عەبدولڕەحمان
A+ A-

رووداو-سلێمانی

بە بڕیاری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی هەنگوین لە دەرەوەی وڵات قەدەخەدەکرێت.


رزگار حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەرهەمهێنانی هەنگوین زۆر زیادیکردووە، بە شێوەیەک بەرهەمی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 150 هەزار کوورەی هەنگی تێپەڕاندووە، کە دەکاتە زیاتر لە 200 تۆن هەنگوین".

بە گوتەی رزگار حەسەن، تەنها لە پارێزگای سلێمانی، بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین زیاتر لە 80 تۆن بووە، بەوەش دەتواندرێ پێداویستی نێوخۆیی پڕبکرێتەوە.

لەبارەی کوالێتی هەنگوین و باشی جۆرەکەی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت "کوالێتی هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە نابێت".

بڕیارەکە بە پشتبەستن بە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ژمارە 4ـی ساڵی 2008ـە، رزگار حەسەن بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەنگەوانان دەبینێ و دەڵێت "هاندانێکی زیاترە بۆ ئەوەی هەنگەوانان هەنگی خۆماڵی بەکاربهێنن و دووربن لە هاوردەکردنی هەنگی دەرەوە کە هەندێکجار دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوول، هەنگەوانان دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی بەرهەمیان، هەنگەوانان دەڵێن، ئەمساڵ شانەهە‌نگه‌كان پڕهه‌نگوینن و پورەهەنگاکانیش زۆرن.

كۆی به‌رهه‌می هه‌نگوینی ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له‌ 100 تۆن بوو، له‌كاتێكدا 21 هه‌زار مێشه‌وان سه‌رقاڵی به‌خێوكردنی نزیكه‌ی 77 هه‌زار پوورەهە‌نگ بوون. بەڵام ئه‌مساڵ 23 هه‌زار مێشه‌وان هه‌ن و خاوه‌نی زیاتر له‌ 150 هه‌زار پووره‌هەنگن، بەرهەمی هەنگوینیش بە گوتەی رزگار حەسەن زیاتر لە 200 تۆنە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە