لە عێراق تووشبووانی شێرپەنجە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان پێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان کار بۆ تۆمارکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە لیستی سوودمەندبووانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت: لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئابی 2024، باسم غەڕابی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی کار کردووە و داواکراوە سەرجەم تووشبووانی شێرپەنجە لە وەزارەتەکە تۆماربکرێن و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان پێبدرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارە وەزارەتەکانی تەندروستی و کار لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ سەرژمێری و کۆکردنەوەی ئاماری تووشبووان، چونکە تائێستا ئاماری ورد بۆ زانینی ژمارەی تووشبووان نییە و دەستکەوتنی ژمارەی دروست پێویستی بە هەوڵی جیدییە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە دەشڵێت، "لە وەزارەتی تەندروستی ئەنجوومەنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بە ناوی ئەنجوومەنی شێرپەنجە دروست دەکەین، ئەوەش بۆ خێرا کۆکردنەوەی ئامارەکانە لە شارەکاندا."
بەگوتەی سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، شێرپەنجە یەکێکە لە 10 هۆکارەکەی مردن لە عێراق. ساڵانە رێژەی تووشبوون لە عێراق کەمترە لە 80 توشبوو بۆ هەر 100 هەزار عێراقییەک، ئەوەش لە چوارچێوەی تێکڕای تووشبونی جیهانی دایە.