دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ریکۆردێکی نوێ تۆماردەکات

18-08-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ ژمارەیەکی پێوانەیی بە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمارکرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە 18ی ئابی 2022، لە بۆرسەکانی تورکیا لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد و سەرەتا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی 18.11 لیرە بوو و، دواتر لە 18.7 لیرە جێگیربوو؛ هەروەها یەک یۆرۆ بە 18.32 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینیش بە 22.28 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. 
 
ئەم دابەزینەی بەهای لیرەی تورکی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی لە 14% ـەوە بۆ 13٪ کەمکردەوە. 
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئابی 2022 هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەنجامدا. 
 
پێشبینی ئابووریناسان ئەوە بوو بانکی ناوەندیی تورکیا لە هەشتەمین کۆبوونەی ئەمساڵیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سوودی بانکی 14٪دا بە جێگیری بهێڵێتەوە.  
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا لە حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا کە رۆژی 21ی تەممووز بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە دەستکارینەکردنی سوودی بانکی و بۆ حەوتەمینجار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بە جێگیری هێشتەوە.
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا ئەو رێژەیەی 17%ـەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی بە جێگیری هێشتەوە. 
 
لە 23ی ئەیلوولی 2021 بانکەکە رێژەی سوودی بانکی لە 19%ـەوە بۆ 18% کەمکردەوە؛ لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021دا رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ـەوە بۆ 15% کەمکرایەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردەوە؛ لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە تاوەکو مانگی رابردوو حەوت جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14% بە جێگیری هێشتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە