شیکاری؛ پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

گەورە بانکێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەو هۆکارانەی نرخی زێڕیان گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی مێژوو، هێشتا ماون و "پێشبینیش دەکرێت بمێنن". ئەمە مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی مسقاڵی زێڕیش دروست دەکات.
 
بانکەکە دەڵێت، هەریەک لە بازرگانانی بازاڕە داراییەکان و زێڕی فیزیکی "بەرجەستە"ـش خواستیان لەسەر زێڕ هەیە، بەدەر لەوانیش، بانکەکان.
 
بەشێکی بەرزبوونەوەکانی زێڕ بەهۆی پێشبینیی سێ جار کەمکردنەوەی رێژەی سوود بوو لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە ئەم ساڵدا، بەڵام ئێستا پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەم ساڵ یەکجارە.
 
ناسەقامگیرییە جیۆسیاسی و ئابوورییەکانیش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن، چونکە زێڕ بە "پەناگەی ئارام" دادەنرێت کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە. 
 
جگە لەمە، ئەو کەس و دامەزراوانەش کە زێڕی فیزیکی "بەرجەستە"ـیان هەیە، دوودڵن لە فرۆشتنی. ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە بەدەر لە بابەتی کەمکردنەوەی سوود لە ئەمریکا و شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
 
گریگۆری شێرەر، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵا بەنرخەکان لە جەی پی مۆرگان رایگەیاند: "بەهۆی خراپی جیۆسیاسی، زیادبوونی سزاکان و خۆلادان لە بەکارهێنانی دۆلار، تێبینیی زیادبوونی مەیلی کڕینی سامانە راستەقینەکان دەکەین، لەنێویاندا زێڕ".
 
ناتاشا کانێڤا، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵا جیهانییەکان لە بانکەکە باس لەوە دەکات: "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵام بەشێک لە پاڵنەڕە بنچینییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی سامانێکی وەک زێڕ وایانکردووە ئەم ساڵ نرخی زێڕ بگاتە بەرزترین ئاست".
 
ئەو پاڵنەرانە بریتین لە "نیگەرانییەکان لە کورتهێنانی دارایی ئەمریکا، زیادکردنی یەدەگی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، مەیلی خۆپاراستن لە هەڵاوسان و خراپی دۆخی جیۆسیاسی".
 
کانێڤا دەشڵێت، ئەو پاڵنەرانەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ رەنگە هەر بمێننەوە، ئەوەش بەبێ گوێدانە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ".
 
ئەو بەڕێوەبەرە باسی بازاڕی نرخەکان دەکات: "بەڵام بازاڕەکانی کاڵا بەنرخەکان سەرنجیان لەسەر هەر گۆڕانێکی ئەگەرلێکراوی سیاسەتەکان دەبێت کە دەکرێت یەکێک یان زیاتر لەو پاڵنەرانە زەقتر بکاتەوە یان بیانگۆڕێت".
 
هەروەها سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵا بەنرخەکان دەڵێت: "لەنێو هەموو کانزاکاندا، زۆرترین هاوڕاییمان لەسەر زێڕ و زیوە کە لە ئەم ساڵدا تاوەکو 2025 لە بەرزبوونەوەدا دەبن". باس لەوەشدەکات، هەر پاشەکشەیەک [لە نرخی زێڕ] لە مانگەکانی داهاتوودا دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ وەبەرهێنەران بەوەی پێش کەمکردنەوەی رێژەی سوود، پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن لە کڕین.
 
زێڕ بەرزترین ئاستی نوێ تۆمار دەکات؟
 
لەبارەی نرخی زێڕەوە جەی پی مۆرگان رایگەیاندووە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە فاکتەرەکانی بنچینەیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێشتا ماون، پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە.
 
بەپێی خەمڵاندنی بەشی توێژینەوەی جەی پی مۆرگان، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە دوو هەزار و 500 دۆلار.
 
پێشبینییەکە لەسەر گریمانەی ئەوە دانراوە کە لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەستپێدەکات. ئەمەش زێڕ دەگەیێنێتە ئاستی مێژوویی نوێ.
 
شێرەر دەڵێت: "ئاراستەی گەشتەکە هێشتا بەرەو بەرزیی زیاترە لە چارەکەکانی داهاتوودا. پێشبینی دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا تێكڕای نرخی هەر ئۆنسەیەک دوو هەزار و 500 دۆلار بێت. لە 2025ـیش بگاتە دوو هەزار و 600 دۆلار."
 
مەترسیی هەیە پێش ئەو کاتە دیاریکراوەش بەرزببێتەوە و بگاتە ئەو دوو ئاستە.
 
پێشبینییەکانی بانکەکە بۆ نرخی زێڕ لەسەر بنەمای پێشبینییە ئابوورییەکانی بۆ ئەمریکا دانراون کە پێیوایە هەڵاوسانی بنەڕەتی لە ئەم ساڵدا بۆ 3.5% و، لە ساڵی داهاتووشدا بۆ 2.6% دادەبەزێت.
 
هەڵاوسانی بنەڕەتی و تێكڕای بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە ناگرێتەوە. ئەمەش جیاوازە لە هەڵاوسانی گشتی کە سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە.
 
بەدەر لە دابەزینێکی کورتمەودا، گەورەترین مەترسیی دابەزین لەسەر ئاراستەی بەرزبوونەوەی زێڕ ئەوەیە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا زۆر لە ئێستا زیاتر تووند بێت لەوەی دڵنیا بێتەوە کە هەڵاوسان بەخێرایی بۆ 2% دابەزێت، لەکاتێکدا ئێستا 3٪ـیە.
 
بە گوتەی شێرەر، لە دۆخێکی لەمجۆرە، ئاسۆی پێشبینییەکان زۆر ئاڵۆزتر دەبێت وەک لە ئێستا.
 
رۆڵی بانکە ناوەندییەکان
 
جگە لە پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود و دۆخی جیۆسیاسی، لە ساڵی 2023ـەوە تائێستا بانکە ناوەندییەکان هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بوون. 
 
بانکە ناوەندییەکانی جیهان بە سەرکردایەتیی بانکی چین لە ساڵی رابردوودا هەزار و 37 تۆن [33 ملیۆن و 184 هەزار ئۆنسە] زێڕیان کڕیوە. ئەم ساڵیش بە هەمان گڕوتین دەستیپێکرد و بانکەکان لە یەکەمین چارەکی 2024ـدا 290 تۆن زێڕیان کڕی. لەکاتێکدا لە هەمان چارەکی ساڵی پێشوودا 213 تۆن زێڕیان کڕیبوو.
 
گریگۆری شێرەر دەڵێت: "بەگشتی ئاستی بەهێزی کڕینی زێڕ لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، هەروەها بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەدوای کۆتایی چارەکی یەکەمەوە، وایکردووە بیر لە هەستیاربوونی بانکە ناوەندییەکان بە نرخی زێڕ بکەینەوە".
 
لەکاتێکدا بانکەکان تادێت زیاتر زێڕ دەکرن، وا پێدەچێت زیاتر بەشێوەیەکی تاکتیکیش لەگەڵ نرخەکەیدا مامەڵە بکەن.
 
جەی پی مۆرگان ئاماژەی بەوەکردووە: "پێمانوایە ئاستی نرخی زێڕ لە درێژخایەندا کاریگەریی کەمی لەسەر کڕینی هەیە لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، بەڵام پێدەچێت گۆڕانی نرخەکان کاریگەریی لەسەر رەوت و خێرایی کڕینی پوختەی زێڕ لەلایەن ئەو بانکانەوە هەبێت".
 
بانکی ناوەندیی چین لە دوو مانگی رابردوودا هیچ زێڕێکی نەکڕیوە. بەڵام بانکە ناوەندییەکانی دیکە و بەکارهێنەرە فیزیکییەکانی زێڕ پێشبینی دەکرێت بەردەوام بن لە کڕینی زێڕ، بەتایبەتی لە کاتی دابەزینی نرخەکەیدا. ئەمە دەبێتە پاڵپشتییەکی دیکە بۆ نرخی زێڕ.
 
هاوشان لەگەڵ خواستی بانکە ناوەندییەکان، زیادبوونی خواستی وەبەرهێنەران لەسەر بازاڕی زێڕی فیزیکیش دەکرێت ببێتە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
 
مەترسیی لەسەر مسقاڵی زێڕ
 
هەرچی لە بازاڕی هەرێمی کوردستانیشە، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی مسقاڵی زێڕ.
 
ئەمڕۆ نرخی مسقاڵی زێڕ لە یەک رۆژدا 10 بۆ 15 هەزار دینار بەرزبووەوە. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یەک مسقاڵ زێری عەیار 21 گەیشتە 520 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ نرخەکان بەم شێوەیەن:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=595,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=545,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=520,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=445,000 دینار
 
جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ، دابەزینی بەهای دیناریش بەرامبەر بە دۆلار لەسەر ئاستی نێوخۆ، هۆکارێکی دیکە بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ.
 
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
 
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، وەک ئێستا هەیە، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
 
هەرچەندە بەو نرخەی ئێستای ئۆنسە [دوو هەزار و 457 دۆلار] کە کەمێک دابەزیوە و رەنگە وابکات نرخی مسقاڵی زێڕیش لەگەڵی دابەزێت، بەڵام بەرزبوونەوەی لە درێژخایەندا وا دەکات جارێکی دیکە نرخی مسقاڵ بەرزببێتەوە.
 
ئەمە بە تایبەتی لە حاڵەتێکدا دروستە کە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزنەبێتەوە، یان زیاتر دابەزێت.