یەک ئۆنسە زێڕ بە 2467 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەرزترین ئاستەکانی خۆیدایە لە مێژوودا و هەر ئۆنسەیەکی بە 2467 دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت.
 
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا دادەنرێت. 
 
نرخی زێڕ دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بۆ 2483 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژوودا.
 
لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە رۆژی چوارشەممە لە کاژێر 12:00ی شەو بە کاتی هەولێر، بەهۆی ئەوەی بازرگانان بە مەبەستی کۆکردنەوەی قازانج دەستیان بە فرۆشتنی زێڕ کرد، نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2450 دۆلار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.
 
دەیڤید میگەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (های ریج فیوچەرز) دەڵێت، "لەو وادەیە نزیک دەبینەوە کە هەموو کەس چاوەڕوان دەکات بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی دابەزێنێت کە بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار."
 
بە شێوازی گشتی دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزا و کاڵان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە