نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 85 دۆلار بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان، نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرزبووەوە. 
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی راپۆرتی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە 4.9 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، لە کاتێکدا پێشبینی کرابوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا تەنیا 30 هەزار بەرمیل کەم بکات.
 
پریانکا ساجدێڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) دەڵێت، "خواستی بەهێز لە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی نەوت قەرەبووی کەمی خواستی چینی بۆ نەوتی خاو کردووە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەو وڵاتە."