لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوو پێشنیاز دەدرێنە وەزیری نەوتی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، دوو پێشنیازیان داوەتە وەزیری نەوتی عێراق، لیژنەکە داوادەکات نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەکانی نەوتی عێراق هەناردە بکرێت.
 
عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان دوو پێشنیازی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" داوەتە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق. پێشنیازی یەکەم هەناردەکردنی نەوتەکەیە لە رێگەی باشوورەوە. پێشنیازی دووەم: بەردەوامیدانە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵی عێراق - بانیاس، تاوەکو نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سووریاوە هەناردە بکرێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز دەڵێت، عێراق هەموو رێکارێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر تورکیا سووربێت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس و بەردەوام بێت لە داخستنی هێڵەکە، کە بەهۆیەوە عێراق رۆژانە ملیۆنان دۆلار زیانی پێدەگات، هەردوو پێشنیازەکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بانیاس، کات و پارەیەکی زۆری پێویستە تاوەکو ئەو بۆرییە نۆژەن و چاک دەکرێتەوە، کە رەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت، چونکە هێڵەکە تێکچووە. هەروەها کۆمپانیای سۆمۆ ناتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تانکەرەوە بگوازێتەوە، بۆیە پێشنیازەکان گونجاونین و لەو کاتەدا جێبەجێکردنیان ئەستەمە. ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە "باشترین بژاردە پێکهاتن و رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە".
 
بڕیارە بەغدا و ئەنقەرە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سبەی (دووشەممە، 19-6-2023) لە بەغدا کۆببنەوە، کە لە 25ـی مانگی ئاداری رابردووەوە دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس ، راگیراوە.
 
باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومیی راگەیاندووە، "رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە و رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی".
 
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە سەرەتای هەفتەی رابردوو پەسندکرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردە بکرێت بۆ پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردەهێنرێت.  
 
عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ماوەکانی رابردوودا هەردوولا پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە لەسەر ئەوەی پێویستە پابەندبن لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە." راشیگەیاند، ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکردووە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوە و پشکنینی تێدا دەکرێت.
 
زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسم محەممەد عەبادی ئەوەی خستووەتەڕوو، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری بەسرە جێگیرە، عێراق پابەندە بەو بڕەی کە ئۆپێک پڵەس دیارییکردووە بۆ پشتیوانی لە هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
 
هاوکات بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان راشیگەیاندووە، وەزارەتی نەوت ئامادەیە بۆ ئەوەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بکات.
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.