رووسیا دەست بەسەر زیاتر لە 750 ملیۆن دۆلاری دوو بانکی ئەورووپیدا دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەست بەسەر سامانی هەردوو بانکی ئەوروپیی 'دۆیچە' و 'یونیکریدیت'ـدا دەگرێت.
بەپێی بەڵگەنامەکان، بڕیارەکە 16ـی ئەم مانگە لەلایەن دادگەیەکی شاری سانت پترسبۆرگەوە دراوە.
سامانی ئەو دوو بانکە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، دەگاتە 764 ملیۆن و 790 هەزار دۆلار؛ 260 ملیۆن دۆلار سامانی بانکی دۆیچە و، 504 ملیۆنیشی سامانی یونیکریدیتە.
بانکی دۆیچە ئەڵمانی و، یونیتکریدیتیش ئیتاڵییە. هەردوو بڕیارەکە بەجیا و لە یەک رۆژدا دراون.
بڕیارەکە لە وەڵامی سکاڵایەکی گرووپی 'رووس-خیم-ئەڵایانس' بووە. گرووپەکە پێش شەڕی ئۆکراینا بەنیاز بووە وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتن و شلکردنەوەی گاز بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای 'لیندێ'ـی ئەڵمانی دروستبکات، بەڵام ئەوەی دووەمیان بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە لە پڕۆژەکە کشایەوە.
بانکەکانی دۆیچە و یونیکریدیت سپۆنسەر و دەستەبەرکاری پڕۆژەکە بوون. ئەوانیش کشاونەتەوە، بۆیە گرووپی رووس-خیم-ئەلایانس سکاڵای لە دژیان تۆمارکردووە.
رووس-خیم-ئەلایانس لە چەند کۆمپانیایەکی رووسیی بواری گاز پێکدێت، دیارترینیان گازپرۆمی گەورەترین کۆمپانیای بوارەکەیە لە رووسیا.
لەدوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە، ناکۆکی کەوتە نێوان رووسیا و یەکێتیی ئەورووپا، بەهۆیەوە زۆرینەی بانکە ئەورووپییەکان لە رووسیا کشانەوە.
یونیکریدیت یەکێک بوو لەو بانکە ئەورووپییانەی هەر زوو بووە قوربانیی شەڕەکە و نەیتوانی خۆی لە رووسیا دەرباز بکات.
بانکەکە ساڵی رابردوو گفتوگۆی فرۆشتنی لقەکانی لە رووسیا دەستپێکرد، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشت.