پێنتاگۆن: درۆنەکانی ئۆکراینا 14٪ پاڵاوتنی نەوتی رووسیای پەکخستووە

18-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێنتاگۆن دەڵێت، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرایناوە نرخی سووتەمەنی لە نێوخۆی رووسیا تاوەکو 30٪ بەرزبووەتەوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ژێرخانی وزەی رووسیا، 14٪ـی توانای پاڵاوتنی نەوتی لە رووسیا کەمکردووەتەوە."
 
پێنتاگۆن دەشڵێت، "ئەمە نرخی سووتەمەنیی لە نێوخۆی رووسیا بەرزکردووەتەوە، بەڵام کاریگەریی کەمی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە."
 
بەپێی راپۆرتەکەی پێنتاگۆن، ئەمە وایکردووە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار، نرخی سووتەمەنی لە رووسیا 20٪ بۆ 30٪ بەرزببێتەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو هێرشانە، رووسیا لە سەرەتای ئاداردا هەناردەی گازوایلی بۆ شەش مانگ قەدەخەکرد، دەستی بە هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە بێلارووسەوە کرد و بەنیازە لە کازاخستانیشەوە هاوردەی بکات. کاری لەپێشینەشی کردە هاوردەی ئەو بەرهەمانە لە رێگەی هێڵە ئاسنینەکانی وڵاتەکەیەوە."
 
هەرچەندە ئامانجی ئۆکراینا لە رێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا، کەمکردنەوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ئەمریکا رەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت، مەترسیی لەسەر نرخی نەوت دروستکردووە.
 
رووسیا سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهان؛ نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرهەمدەهێنێت و زیاتر لە 5 ملیۆنی هەناردە دەکات.
 
هەر مەترسییەک بۆ سەر ئەو وڵاتە، دەکرێت کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دابنێت و نرخەکەی بەرزبکاتەوە. ئەمەش پێچەوانەی خواستی ئەمریکایە کە دەیەوێت نرخی نەوت دابەزێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وا دەکات هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزببێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا هەڵاوسان لەو وڵاتە لە سەروو ئامانجکەیەتی؛ ئەمریکا دەیەوێت رێژەکە 2٪ بێت، بەڵام ئێستا 3.4٪ـە. 
 
هەروەها ئەمریکا دەیەوێت کۆگە ستراتیژییەکانی نەوتی وڵاتەکەی پڕبکاتەوە. پێشتر لە 2022ـدا 180 ملیۆن بەرمیلی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لەو کۆگایانە دەرهێنابوو. ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە دەکات، بەوەش بووەتە گەورەترین هاوردەکاری جیهان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە