شارەزایەکی بۆرسە: هەفتەی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 2434 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی بۆرسە و فۆرێکس دەڵێت، ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 2434 دۆلار تێپەڕ بکات، دەشڵێت، "تاوەکو جیهان سەقامگیر نەبێت، نرخی زێڕ دانابەزێت."
 
شەممە 18-05-2024 د. محەممەد ئەمین، شارەزای بازاڕی بۆرسە و فۆرێکس لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتح پێشکێشی کرد، گوتی، "لە هەفتەی داهاتوودا نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە و [هەر ئونسەیەک] دەگاتە 2434 دۆلار."
 
محەممەد ئەمین گوتی، بەپێی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی کە ئێستا لە جیهاندا هەیە، ئەگەری زۆرە نرخی زێڕ لەوەش زیاتر بەرز ببێتەوە و بگاتە نزیکەی 2444 دۆلار.
 
دوێنێ هەینی، نرخی هەر ئونسەیەک زێر لە کاژێرەکانی کۆتایی مامەڵەکان گەیشتە 2422 دۆلار، بەڵام دواتر دابەزی و بازاڕ بە 2414 دۆلار داخرا.
 
محەممەد ئەمین گوتی، "ئەو نرخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر لە هەفتەی داهاتوودا نرخی زێڕ بەرەو دابەزینیش بڕوات، دووبارە دەچێتەوە ئەو سەقفەی کە پێشووتر بینیومانە، واتە هەر دابەزینێک بەخۆیەوە ببینێت، بەرزبوونەوەیەکی بەدوادا دێت."
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، ئامارەکانی هەڵاوسان لە مانگی نیسان لە ئەمریکا ئاشکرایان کرد، بە ئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان خەریکە کۆتایی پێدێت.
 
ئەو شارەزایەی بۆرسە و فۆرێکس ئاماژەی بەوە کرد، جیا لە هەڵاوسان و رێژەی بێکاری لە ئەمریکا، ئاڵۆزیی نێوان وڵاتان، بەتایبەتی ناکۆکیی نێوان چین و رووسیا لەگەڵ ئەمریکا، هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و "تاوەکو جیهان سەقامگیر نەبێت، نرخی زێر دانابەزێت."
 
وەک محەممەد ئەمین دەڵێت، "هەموو کات کە نرخی زێڕ زۆر دادەبەزێت، بەپێچەوانەی ئەوەی کە خەڵک پێیانوایە دابەزیوە، ئێمە دەڵێین خەریکە باشترین هەل بۆ کڕیاران دەڕەخسێت."
 
کریستیەن بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەری هەیە نرخی زێر تاوەکو 2500 دۆلاریش بەرزبێتەوە، بەهۆی ئەوەی لەڕووی تەکنیکییەوە، نرخی زێر ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووەتەبەر."