یەک ئۆنسە زێڕ بە 2375 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بە 2375 دۆلار و یەک بەرمیل نەوتی برێنتیش بە نزیکەی 87 دۆلار مامەڵەیان پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەو ئاستە لە دوای دابەزینی 30 دۆلاری لە نرخی زێڕ بوو کە رۆژی چوارشەممە روویدا و نرخی زێڕی لە 2380 دۆلارەوە بۆ 2350 دۆلار دابەزاند.
 
لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە کە رایگەیاندبوو پەلەیان نییە لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دواجار بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
 
کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی چوارشەممە دادەنرێت.
 
بەپێی بەرپرسانی ئەمریکا، وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی ئێران سنووردار دەبێت، ئەوەش لە رۆژی چوارشەممە بەتایبەتی بازاڕەکانی رووبەڕووی دابەزینی گەورە کرد.
 
زوانی مێهتا، شرۆڤەکارای بازاڕە داراییەکان سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەگەر هاتوو ئێسرائیل وەک چۆن بەڵێنی داوە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە ئەگەری هەیە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دووبارە خۆی لە ئاستی 2400 دۆلار بداتەوە.
 
ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە ئەگەر نرخی زێڕ بتوانێت بگاتەوە 2400 دۆلار بە ئاسانی ئاستی 2450 دۆلاریش بەدەست دەهێنێت، کە دەبێتە ریکۆردێکی مێژوویی نوێ.
 
بەپێچەوانەوە، بەپێی مێهتا، نزیکترین ئاستی نرخی زێڕ 2350 دۆلارە کە ئەگەر هاتوو فرۆشیاران کۆنترۆڵی بازاڕیان گرتە دەست، بە ئاسانی بە دەست دێت. 
 
لەلایەکی دیکە، یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 87 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت نزیکەی چەند سەنتێک بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا بازاڕی نەوت نەیتوانیوە زیانەکانی رۆژی چوارشەممەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 10 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 87 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش نزیکەی 2 سەنت بەرزبووەوە بۆ 82 دۆلار و 71 سەنت.
 
هەر دوو نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا و برێنت رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 3٪ دابەزیبوون.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڤەنزویلای گەڕاندەوە بەهۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتە نەیتوانیوە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن جێبەجێبکات.
 
بەشی لێکۆڵینەوەی بانکی (ئەی ئێن زێد) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هاوکات لەگەڵ هەبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مەترسییەکان لە بەشی خستنەڕووی نەوت، دەتوانێت پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت درووستبکات."
 
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ڤەنزویلا رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کە 165 هەزار بەرمیلی بۆ ئەمریکا بووە.
 
هەروەها هێشتا نیگەرانی ماوە لەوەی کە ئیسرائیل چۆن وەڵامی ئێران دەداتەوە.
 
بانکی جەی پی مۆرگن لە راپۆرتی خۆیدا لەسەر بازاڕی نەوت رایگەیاندووە، لە مانگی 4ی ئەمساڵدا خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت 101 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، کە 200 هەزار بەرمیل کەمتر بووە لە پێشبینییەکان.