400 ملیارەکە بەشی نیوەی مووچە ناکات؛ داهات بۆ نیوەکەی دیکە بەردەست نییە

18-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی کاتێک دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران کرد، بەکاری بهێنێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەو 400 ملیار دینارەی کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ هەرێمی کوردستانی بینێرێت، بەشی نیوەی مووچەی مووچەخۆرانیش ناکات. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕيڕێیە لە رۆژانی داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە بۆئەوەی کێشەی کەمیی داهات بۆ مووچەی مانگی نیسان چارسەر بکات و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.
 
بۆ پێدانی مووچەی مانگێک 940 ملیار دینار پێویستە
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران 940 ملیار دینار پێویستە.
 
پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، داهاتی مانگانەی نەوت بۆ مووچە 740 ملیار دینار بوو و ئەو 200 ملیارەی دەمایەوە لە داهاتی نێوخۆ دەدرا، بەڵام بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە ئەم مانگە زووتر دەبێت خشتەی دابەشکردنی مووچە تەواو بێت و ئێستاش سستی لە دابەشکردنی مووچە بەتایبەت لە سلێمانی دروستبووە.
 
بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداردا داهاتی 24 رۆژی نەوتی هەبووە و هەربۆیە سەرنجەکە لەسەر داهاتی نێوخۆیە بۆ تەواوکردنی مووچە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی سستی تێبکەوێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەگەر هەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی رابردووی بەشێكی مووچەخۆران لە سلێمانی بەهۆی کەمیی داهاتی نێوخۆوە بکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پارەیەکی نەوتی بۆ مووچەی مانگی چوار لەبەردەستدا نییە
 
لەکاتێکدا مانگەکانی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 740 ملیار دینار داهاتی نەوتی لەبەردەستدا بوو بۆ مووچە، ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ 18ـی نیسان هیچ داهاتێکی نەوتی لەبەردەستدا نییە و تاوەکو ئێستاش بەرچاوی روون نییە بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارە وەک قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدرێت تاوەکو پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.
 
ئەگەر 400 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر بنێردرێت، بۆ دابەشکردنی مووچە 540 ملیار دیناری دیکە پێویستە، ئەگەر وەک مانگەکانی رابردوو 200 ملیار دیناریش لە داهاتی نێوخۆ بدرێت، دیسان هەرێمی کوردستان 340 ملیار کورتهێنانی بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە دەبێت.
 
بۆ چارەسەکردنی کورتهێنانی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا.
 
دوێنێ دووشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەن و لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
 
بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "هیچ کێشەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە نامێنێت و دۆخەکە دەکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی و ئاسایی دەبێتەوە".
 
25ـی ئاداری 2023، دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە. کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی، 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
 
دوای 11 رۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران

لە 8 مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 8 مانگدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار شتومەک هەناردەی وڵاتان کراوە