چین کارەکانی نووسینگەی دیلۆیت لە پەکین رادەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی چین رایگەیاند، کارەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ ماوەی سێ مانگ رادەگرێت. هەروەها سزای پێبژاردنیش بەسەر نووسینگەی ئەو کۆمپانیایە لە پەکین دەسەپێنێت و دەست بەسەر داراییەکانیشیدا دەگرێت. 
 
رۆژی هەینی، وەزارەتی دارایی چین لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 30 ملیۆن دۆلاری وەک سزای پێبژاردن بۆ کۆمپانیای دیلۆیت دیاریکردووە. دەشڵێت، "وەزارەتی دارایی چین نزیکەی ساڵێکە بە وردی بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەم کۆمپانیایە دەکات و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دیلۆیت لە وردبینی و کاری ژمێریارییدا کەمتەرخەم بووە و دەبێت بیسەلمێنێت کە هۆکاری ئەو کەمتەرخەمییە چی بووە".
 
لێکۆڵینەوە لە هەریەک لە کۆمپانیای دیلۆیت و هەروەها گرووپی کۆمپانیاکانی هۆورانگ کراوە، کە کۆمپانیای هۆورانگ ساڵی 2020 نزیکەی 15 ملیار دۆلار زەرەری کردووە. مۆڵەتی کارکردنی هەردوو کۆمپانیاکەش راگیراوە و هەموو جۆرە چالاکییەکی بازرگانی و ژمێریاریشیان هەڵپەسێردراوە. هەروەها حەوت گرووپی سەر بە کۆمپانیای هۆورانگ کە ئەرکی ژمێریارییان لە ئەستۆیە، لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت کارەکانیان راگیراوە. 
 
سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی هۆورانگ لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بە بڕی 278 ملیۆن دۆلار لە نێوان ساڵەکانی 2008 بۆ 2018 لە سێدارە درا.
 
کۆمپانیای دیلۆیت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ رێزدانان بۆ بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵیان بە رەوا نازانن. 
 
گرووپی کۆمپانیای هۆورانگ ساڵی 2020 لەلایەن حکومەتی چینەوە یارمەتی درا و نزیکەی نیوەی زیانەکانی قەرەبووکرانەوە، بەڵام ساڵی 2021 بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە بە تاوانی بەرتیل وەرگرتن لەسەر کار لادرا. 
 
لە یەک ساڵی رابردوودا ئەمە دووەمجارە کە کۆمپانیای دیلۆیت لە چین بە پێبژاردن سزا دەدەرێت، بەڵام ئەمجارەیان کارەکانیشی بۆ ماوەی سێ مانگ رادەگیرێت و هەموو داراییەکانیشی بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی چین؛ تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت.
 
چوار کۆمپانیای گەورەی ژمێریاریی و کاروباری دارایی چین راوێژ لە دیلۆیت وەردەگرن، چین داوای کردووە کە هیچ کۆمپانیایەکی چینی هاوکاریی لە دیلۆیت وەرنەگرێت. 
 
کۆمپانیای دیلۆیت زیاتر لە 20 هەزار شارەزا و راوێژکاری دارایی لە 30 شاری چین هەیە. داهاتی هاوکاریی چوار کۆمپانیا گەورە چینییەکە لەگەڵ دیلۆیت لە ساڵی 2021 بۆ 2022 نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە کە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای دیلۆیت بووە.