بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە

18-02-2022
عیسا حەسەن
نیشانەکردن ئەمریکا نرخی بەنزین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڕەشە و گوشارەکانی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا، خەریکە قەیرانێکی گەورە بۆ نێوخۆی ئەمریکا دروست دەکات، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە. شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا نرخی سووتەمەنی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا چەند هەفتەیەکە ئەمریکییەکانی نیگەرانکردووە. رووسیا دابینکارێکی سەرەکی نەوتی خاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. رۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئەمریکا دەکات. بە پەککەوتنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە کێشەی کەمبوونەوەی نەوت و بەرهەمە سووتەمەنییەکان دروستدەبێت. 
 
جۆش بۆوک، شرۆڤەکاری ئابووری دەڵێت: "سەرۆک بایدن روونی نەکردووەتەوە ئەو هەنگاوە تایبەتانە چین کە دەیانگرێتەبەر. دەزانین ئەو چەند بژاردەیەکی هەیە. بژاردەکان بریتین لە بەکارهێنانی بڕێکی زیاتر لە نەوتی کۆگاکراو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت. ئەوەش شتێکە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو کردیان". 
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە دەبێت بایدن رێگەیەک بدۆزێتەوە کە بەرهەمهێنەرانی نەوت وەک سعودیە و ئەوانی دیکە رازی بکات نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنن. ئەو هەروەها دەڵێت: "هەرچەندە سەرۆک بەدوای چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی ئۆکراینا دەگەڕێت، بەڵام ترسێکی زۆریش هەیە کە چارەسەرەکە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. بۆیە لە درێژمەودادا، باشترین رێگە بۆ خۆپارێزی لە شۆکی نەوت، کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت". 
 
خەڵکی ئەمریکا ماوەیەکە بەدەست رێژەی بەرزیی هەڵاوسان دەناڵێنن، مانگی رابردوو هەڵاوسان لە ئەمریکا 7.5٪ بوو، سەرۆکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاش پێیوایە بەم نزیکانە هەڵاوسان دانابەزێت. جۆ بایدن هۆشداری داوە ئەگەر پووتین بژاردەی داگیرکردنی ئۆکراینا هەڵبژێرێت، نرخی نەوت و گاز زۆر لەمەی ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە. 
 
نرخی گاز بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر 40٪ بەرزبووەتەوە، تەنیا لە مانگی رابردووش 6٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە. تەنانەت هەڵپەساردنی باجی 18 سەنت بۆ هەر گاڵۆنێک نەیتوانیوە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی بکات.
 
جۆش بۆوک دەڵێت: "تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم، رێژەیەکی بەرزیی هەڵاوسانمان بینی، خەڵک زیاتر داوای کەلوپەلی زیاتریان دەکرد چونکە ئابووری لە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا بەرەو باشبوونەوە دەچوو و زنجیرەی دابینکاریش بەرەو تەسکبوونەوە چوو. لەدوای کانوونی یەکەم، کاتێک پووتین دەستی بەوە کرد تووند بێت بەرامبەر ئۆکراینا، بینیمان نرخی نەوت دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و نرخی گازیش لەگەڵی بەرزبووەوە. هەر کە نرخەکانیش بەرزبوونەوە، ئەمریکییەکان پارەی زیاتر بۆ سووتەمەنی تەرخاندەکەن".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بانکی جەی پی مۆرگان و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی وەبەرهێنان، نرخی نەوت لەم ساڵدا بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە، تەنانەت پێشبینی دەکرێت بگاتە 125 دۆلاریش، بە داگیرکردنی ئۆکراینا یان تووندبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، ئەو ناوەندانە پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی

لە ساڵی 2025 فرۆشتنى دۆلار لە عێراق دەگۆڕدرێت

ساڵی 2025 بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەخات و دەیداتە دەست ژمارەیەک بانک، 'فرۆشتنى دۆلار خێرا و زۆرتر دەبێت'، بە گوتەى پسپۆڕێکى بانکى، پێشبینى دەکرێت ئەمە بەهاى دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە ئەمساڵ 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە 93.3%ـی بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و چووەتە دەرەوەى عێراقەوە.