رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکیی عێراق رایدەگەیێنت هەرێمی کوردستان مافی رەوای خۆیەتی لە بودجەی دەوڵەتی عێراق پشکی هەبێت، دەشڵێت زیاتر لە نیوەی بودجەی عێراق دەچێتە گیرفانی گەندەڵکاران.
دادوەر رەحیم عگێلی، سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکیی عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لە بەرنامەی (بالعراقي الفصيح)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بودجە مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانە و هەندێک هەوڵدەدەن گیانی رق و کینە بوروژێنن لە دژی هەرێمی کوردستان و لە سوننە و پێکهاتەکانی دیکە تاوەکو درێژ بەمانەوەیان بدەن لە دەسەڵات.
رەحیم عگێلی گوتی: "لە بەرزترین ئاستدا هەرێمی کوردستان 17٪ی لە بودجە بەرکەوتبێت، ئەی 83٪کەی دیکە بۆ کوێ چووە. هەندێک کات دەڵێن هەرێم نەوتی بەسرە دەبات، باشە سەرەتا لەخۆت بپرسە ئەی 83٪کەی تۆ چی لێهات و بۆ کوێ دەچێت".
عگێلی دەڵێت بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە هەرێمی کوردستان قسەی دژ بە یەک دەکەن "ئەوانە لەلایەک دەڵێن کە هەرێمی کوردستان نەوتی بەسرە دەدزێت، هەر هەمان ئەو کەسانە داوای یەکێتیی عێراق دەکەن و دەڵێن هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق. باشە چۆن دەبێت هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە عێراق و پشکی لە بودجەی عێراقدا نەبێت؟".
لەبارەی قەبارەی گەندەڵییەکان لە عێراق، سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەکرد "زیاتر لە نیوەی بودجەی دەوڵەتی عێراق دەچێتە گیرفانی گەندەڵکاران، ئەگەر باسی تریلیۆنێک و دووسەد ملیار دۆلاری بودجە بکەین، ئەوا باسی 600 ملیار دۆلار دەکەین تەنیا لە بودجەدا دزراوە".
رەحیم عگێلی کە ساڵی 2008 تاوەکو 2011 سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق بووە، باس لە جۆرێکی دیکەی گەندەڵی لە عێراق دەکات و دەڵێت: "گەندەڵییەکی دیکەش ئەویش لە خانووبەرە، پرۆژەکان، دزی لە بەرهەمە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان، ئەو باجانەی لە دەرەوە چوارچێوەی دەوڵەت وەردەگیرێن لەبری ئەوەی بچێتە گیرفانی دەوڵەت، دەچێتە گیرفانی گەندەڵکاران،، ئەگەر 450 یاخود 600 ملیار دۆلار لە بودجەدا دزرابێت، ئەوا هێندەی ئەوەش لە دەرەوەی بودجە دزراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ