بەهۆی خراپیی رەوشی داراییەوە تویتەر ئامێر و کەرەستەکانی نووسینگەکەی دەفرۆشێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رەوشی خراپی داراییەوە، کۆمپانیای تویتەر مەزاتێکی رێکخستووە بۆ فرۆشتنی کەرەستەکانی وەکو ئامێری ئامادەکردنی قاوە، بەفرگر و چەندین ئامێری دیکەی چێشتخانە لە نووسینگەی سەرەکیی خۆی.
 
تویتەر کۆمپانیای (هێرێتەیج گلۆباڵ پارتنەر)ی راسپاردووە بۆئەوەی ئەو مەزادەی بۆ رێکبخات. جگە لە ئامێرەکانی چێشتخانە، کۆمپانیای تویتەر کۆمپیوتەر و ئامێری لایتی نیۆنی گەورە، کە لۆگۆی کۆمپانیاکە دەردەخات، دەفرۆشێت.
 
تاوەکو ئێستا کڕیارێک ئامادەبووە کە لایەتی نیۆنی تویتەر بە 17 هەزار و 500 دۆلار بکڕێت.
 
دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تویتەری کڕی و بووە خاوەنی نوێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە، کۆمپانیا گەورەکان ریکلام نادەنە تویتەر و بەو هۆیەشەوە رەوشی دارایی تویتەر خراپە.
 
بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کۆمپانیای تویتەر کرێی نووسینگەکانی نەداوە.
 
فرۆشتنی کەرەستەکانی ناو نووسینگەی تویتەر بەشێکە لە پلانی مەسک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە. لەنێوان لیستی ئەو کەرەستانە کە دەفرۆشرێن، تەنانەت تەلەڤیزیۆن و مێزی کاریشی تێدایە.